شاندێكی شارەوانییەكانی فەرەنسا دێتە هەرێم بۆ هەماهەنگی و هاوکارى زیاتر
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD) ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتى ٢/٦/٢٠٢١ى زایینى، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت پێشوازی لە ئۆلیڤیێ دیكوتینیێ كونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵگەری فەرەنسا و شارەوانییەكانی فەرەنسا تاوتوێ كرا كە بڕیارە لەم نزیكانە شاندێكی شارەوانییەكانی فەرەنسا سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و لە بواری ماستەرپلانی شارەكان و جێبەجێكردنی پلان و كردنەوەی خولی ڕاهێنانی فەرمانبەران هاوكاری پێشكەش فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی بكەن.
لە تەوەرێكی دیكەدا ڕەوشی خزمەتگوزاری و بواری كولتووری و ژینگەسازی و گەشتوگوزار و شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، لەمیانەی گفتوگۆكاندا دووپات لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا كرایەوە كە لە بواری گەشتوگوزار و شوێنەواردا لایەنی فەرەنسی چەند خولێكی ڕاهێنان بۆ فەرمانبەران دەكەنەوە كە ئامانج لەو جۆرە خولانە گواستنەوەی ئەزموونی گەشتوگوزاریی فەرەنسایە بۆ هەرێمی كوردستان.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سوپاسی حكوومەت و گەلی فەرەنسای كرد كە بەردەوام لە هەموو رووێكەوە هاوكاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوونە، هاوكات هەردوولا جەختیان لەسەر دۆستایەتیی نێوان گەلی كورد و فەرەنساییەكان كردەوە كە دوو دۆستی دێرینی یەكترین و گرنگە ئەو پەیوەندی و دۆستایەتییە پەرەی زیاتری پێ بدرێت و فراوانتر بكرێت.