Skip to the content

بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان پرۆژەی بەخشین راگەیەندرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 29/3/2021 بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەی بەخشین لە شاری هەولێر راگەیەندرا كە پرۆژەكە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی (AOO) جێبەجێ كراوە و ژمارەیەكی زۆر بۆكسی بەخشینی جلوبەرگ و پێڵاوی بەكارهاتوو وەك پرۆژەیەكی هاوكاری و ژینگەپارێزی دانراون و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆژەكە رادەگەیەنێت و بە كارێكی پیرۆزی لەقەڵەم دەدات.

پێشنیوەڕۆی دووشەممە ٢٠٢١/٣/٢٩ بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەكی دیكە لە بەڕێوەبەر و كارمەندانی شارەوانی و دەزگەكانی راگەیاندن، پرۆژەی بەخشین راگەیەندرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستخۆشی لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و رێكخراوی (AOO) كرد بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە و بە كارێكی پیرۆزی لەقەڵەمدا و هیواشی خواست ئەو جۆرە كارانە بەردەوامیان هەبێت وەك پرۆژەی هاوكاری و ژینگەسازی، ئامادەیی هەر جۆرە هەماهەنگی و هاوكارییەكیشی راگەیاند لەپێناو سەرخستنی پرۆژەكە و پرۆژەی دیكەی لەمجۆرە لە شوێنانی دیكەش.

پاشان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە گرنگی پرۆژەكە كرد و بە كارێكی پێویست و گرنگی لەقەڵەمدا و ئامادەیی پارێزگای هەولێریشی دەربڕی بۆ هەر جۆرە هەماهەنگی و كارێكی دیكەی لەمجۆرە لە شاری هەولێر.

پرۆژەی بەخشین پێكهاتووە لە دانانی ژمارەیەك بۆكس كە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی (AOO) جێبەجێ دەكرێت، بە مەبەستی بەخشینی جلوبەرگی پیاوان و ئافرەتان و منداڵان، كە دواتر ئەو كاڵایانەی دەخرێنە ناو بۆكسەكانەوە، بەسەر ئەو هاووڵاتی و شوێنانە دەبەخشرێن كە پێویستییان بەو كاڵایانە هەیە، ئەمەش وەك پرۆژەیەكی هاوكاری مرۆڤایەتی و ژینگەسازی.