بە بڕی زیاتر لە سێ ملیارد دینار چەندین پڕۆژە لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بڕیار وایە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار، چەندین پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە شاری هەولێر جێبەجێ بکات.
وەک قۆناغی یەكەم، بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیار دینار چەندین پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر و لە قۆناغی دووەمیش بە بڕی یەك ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن.
بە گوێرەی زانیارییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، ژمارەیەك پڕۆژە بە گوژمەی نزیكەی دوو ملیارد دینار لەسەر داهاتی ١٥%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە گەڕەكەكانی: فەرمانبەران، ڕۆشنبیری، ژیان، هەولێری نوێ، سێبەردان و چەند گەڕەكێكی دیكە لە بواری چاككردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام، دروستكردنی شەقامی نوێ، قیڕتاوكردن، سێكتەری ئاوەڕۆ و كربستۆن و چەند جۆرێكەی دیكەی پرۆژە جێبەجێ دەكرێن كە ئەم گەڕەكانە بەشێكی گەورەی شاری هەولێر پێك دەهێنن و زۆرترین دانیشتووانی هەولێر لێیان نیشتەجێن.
بەشێك لەو پڕۆژانەی قۆناغی یەكەم نێردراون بۆ تەندەرینگ و هەندێكی دیكەشیان لە ماوەی ١٥ بۆ ٢٠ رۆژی دیكە کەمکردنەوەیان بۆ دەکرێت و دواتر دەكەونە قۆناغی جێبەجێكردن. وێڕای ئەم پرۆژانەی سەرەوەش لە ئایندەیەكی نزیكدا بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دیناری تر چەندین پرۆژەی هەمەجۆری دیكە لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر لە چەند گەڕەکێکی ناو شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.