سزای نهبهستنی پێوهری ئاوی خواردنەوە كەم كرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ ڕۆژی چوارشهممه ٥/٥/٢٠٢١ى زایینى، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومهتی ههرێمی كوردستان لهسەر كهمكردنهوهی سزای نهبهستنی پێوهری ئاوی شوێنەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە نیشتەجێكانی وەبەرهێنان و شوێنه گشتییهكان ڕاگەیێنراوێکى بڵاو كردهوه.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار باسى لەوە کردووە کە دوای ئەوەی حكوومەتی هەرێم لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە نرخی ئاوی لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان كەم كردەوە، هاوكات بڕی سزای نەبەستنی پێوەری ئاویشی كەم كردەوە، ئەوەش بە مەبەستی هاندانی هاوبەشانی ئاوە بۆ ئەوەی پێوەر ببەستن".
ئەو ڕێنماییە نوێیەی کە ئێستا لە لایەن حکومەتى هەرێم و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پەسەند کراوە، بڕی سزادانی نەبەستنی پێوەرى بۆ بڕێكی یەكجار زۆر دابەزاندووە كە ئەمەشى "ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندی هاوبەشانى ئاو" هەژمار کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پێداگرى لەسەر بەستنی پێوەر کردووەتەوە و داوای لە هاوبەشانی ئاو کردووە بە خێرایی پێوەری ئاو ببەستن.
بەراوردى نێوان بڕی سزای نەبەستانی پێوەر لە پێشوو و ئێستا:
یەكەم: لە ڕێنماییە كۆنەكەدا (پێشوو) بڕی سزادانی شوێنەكانی نیشتەجێبوون و پڕۆژە نیشتەجێكانی وەبەرهێنان (بۆ ماوەی دوای سێ مانگ) ٢٠٠ هەزار دینار بوو، بەڵام لە ڕێنماییەكەی ئێستا بۆ ٨٠ هەزار دینار كەم كراوەتەوە، واتە هاووڵاتییان ١٢٠ هەزار دینار لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.
دووەم: پەرستگەكان، لە ڕێنماییە كۆنەکەدا سزایکەیان ٢٠٠ هەزار دینار بوو، بەڵام لە ڕێنماییە نوێیەکەدا بۆ ١٠٠ هەزار دینار كەم كراوەتەوە، واتە بەڕێژەی سەدا پەنجا کەم بووەتەوە.
سێیەم: ئەو دامودەزگا حكومییانەی كە بە هەر هۆكارێكەوە پێوەریان نەبەستووە، لە ڕێنماییە كۆنەكەدا دەبوو بڕی ٣٠٠ هەزار دینار سزا بدرێن، بەڵام ئێستا سزاکەیان بۆ ١٠٠ هەزار دینار كەم كراوەتەوە، واتە ٢٠٠ هەزار دینار لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.
چوارەم: كەرتی نیمچە حكومی كە وەبەرهێنان نەبێت، لە ڕێنماییە كۆنەكە دەبوو بڕی ٣٥٠ هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ ١٠٠ هەزار دینار كەم كراوەتەوە، واتە ٢٥٠ هەزار دینار كەم كراوەتەوە.
پێنجەم: كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری وەبەرهێنان لە ڕێنماییە كۆنەكە بۆ دوای سێ مانگ لە نەبەستنى پێوەرى ئاو، بڕی ٤٠٠ هەزار دینار سزا دەدران، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ ٢٠٠ هەزار دینار كەم كراوەتەوە، واتە بەڕێژەی سەدا پەنجا لێخۆشبوون دەیانگرێتەوە.
شەشەم: شووشتنگەکان بە هەموو جۆرەكانیەوە ئەگەر سێ مانگ تێپەڕێت لە نەبەستنى پێوەرى ئاو، ئەوا بڕی ٤٥٠ هەزار دینار سزا دەردا، بەڵام ئێستا بەڕەچاوكردنی دۆخە ئابوورییەكە سزاکەیان بۆ ٢٥٠ هەزار دینار دابەزێندراوە.