سەوزایی شاری سلێمانی لاى حكوومەتی هەرێم زۆر گرنگە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشهممه ڕێکەوتى ٢٥/٥/٢٠٢١، ساسان عهونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان سەبارەت بە دابینكردنی بودجەیەکى تایبەت لە لایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ چارەسەرى کێشەى سەوزایی سلێمانى گوتى "سەرۆكی حكوومەت بە دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە، موژدەیەكی خۆشی ڕاگەیاند بۆ سیانەكردن و ئیدامەكردنی سەوزاییەكانی پاركی هەواری شار و بلوارەكانی ناو شاری سلێمانی.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە بە گرنگ و كاریگەر دەزانێت و لەمبارەیەوە دەڵێت بە دڵنیایییەوە ئەو بڕە پارەیە كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر بەردەوامی سەوزاییەكانی ناو شاری سلێمانی و بە تایبەتی پاركی هەواری شار و هەموو بلوارەكانی ناو شاری سلێمانی دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوەش دەكات كە دەرخستەی پارەكە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بە بایەخەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە و سەرۆكوەزیرانیش ئەو بابەتەی زۆر بە گرنگ زانیوە و ڕەزامەندی لەسەر دابینكردنی ئەو بڕە پارەیە داوە بۆ خزمەتكردنی ناوچە سەوزاییەكانی شاری سلێمانی.
شایەنى باسە مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان یەكشەممە ڕێکەوتى ٢٣ی ئایارى ٢٠٢١ى زایینى و لە ڕۆژى دانانى بەردى بناغەى پرۆژەى بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیارانى هەرێم، مژدەى دایە خەڵکى سلێمانى کە بڕی ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ بهڕێوهبردن و خزمەتكردنی سهوزایییەكانی پاركی ههواری شار و شهقامی شێخ مهحموود و شهقامی تاسڵووجه لە شاری سلێمانی تەرخان کردووە.