Skip to the content

لە چیای سەفینیش پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری جێبەجێ دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی١٠/٥/٢٠٢١ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگه‌یاند، پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیاری هاوشێوەی پڕۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك لەسەر چیای سەفینی شەقڵاوەش دەكرێتەوە و داواى لە سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی كوردستانیش کرد تا بەشدارى پڕۆژە گەشتوگوزارییەکانی هەرێمی كوردستان بكەن و "حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پەرە بە كەرتی گەشتوگوزاری دەدات".
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار باسى لەوەش کرد كەرتی گەشتوگوزار جێی بایەخی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لەناو پێكهاتەی حكوومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشدا دەستەیەكی سەربەخۆ كاروبارەكانی ئەو كەرتە بەڕێوە دەبات و ماستەرپلانێكی گشتی بۆ سەرجەم هەرێمی كوردستان هەیە کە تیایدا ٦٠ تا ٦٥ پڕۆژەی گەورە و مامناوەندییان بۆ هەموو پارێزگەكانی كوردستان هەیە.
ساسان عەونی ڕوو لە سەرمایەداران و وەبەرهێنەرانیش کرد تا سەرمایەكانیان لە پرۆژەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان بخەنەگەڕ و "سوود لە بەرزایی و چیاكانی كوردستان وەربگرن و پرۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی پرۆژەی تەلەفریكی چیای زاوای دهۆك لەو شوێنە گەشتیارییانەی تا ئێستا دەستیان پێنەگەیشتووە پرۆژەی هاوشێوە بكەن و لە هەر شوێنێكیش وەبەرهێنەران و كەرتی تایبەت بیانەوێت سوود لەو شوێنانە وەربگرن، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیرییان دەكات كە بەشێوەیەكی باش سەرمایەكانیان لە هەموو بوارەكان و بە تایبەتی لە بواری گەشتوگوزاردا بخەنەگەڕ".