Skip to the content

یادداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتى شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا لە هەولێر واژوو کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 23٢٣/٥/٢٠٢١ى زایینى و بە ئامادەبوونی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و میشێل لیت ئاخت نوێنەری ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی كۆمەڵەی شارەوانییەكانی هۆڵەندا و ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و بەرێوەبەرانی وەزارەتی شارەوانی و تیمی ئەندازیاران و نوێنەری ئاژانسی VNG، ڕێوڕەسمی واژووكردنی یادداشتنامەی لێكتێگەیشتنى نێوان وەزارەتی شارەوانی و ئاژانسی VNG لەسەر باشكردنی توانای خۆگونجاندنی كۆمەڵگەكانی خانەخوێ و ئاوارە و پەنابەران لە عێراق و هەرێمی كوردستان واژوو كرا.
ساسان عەونی لە ڕێوڕەسمەكەدا وتارێكی پێشكەش كرد و تێیدا ناوەرۆك و گرنگیی لێكتێگەیشتنەكەی بۆ میدیاكان و ئامادەبووان خستەڕوو و لە بەشێكی وتارەكەیدا سەبارەت بە پرۆژەكە ئاماژەی بەوە كرد "ئەم پرۆژەیە لەلایەن فەرمانگەی هاوكاریی مرۆیی و سەقامگیری لە وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا، بەشێوەی بەخشەر، پارەی بۆ تەرخان دەكرێت و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەمڕۆوە دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە".
سەبارەت بە گرنگی یاداشتنامەكە و كاریگەری لەسەر پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و هۆڵەنداش وەزیرى شارەوانى و گەشت و گوزار گوتى "بە واژووكردنی ئەم یادداشتنامەیە، قۆناغێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی ئێمە و حكوومەتی هۆڵەندا بۆ ئاستێكی باشتر و بەرەوپێشچوونی زیاتر دەستپێدەكات، ئاواتەخوازین لەدوای واژووكردنەکە هاوكاری و پاڵپشتی زیاترى رێكخراوە هۆڵەندییەكان لە هەرێمی كوردستان بێتە ئاراوە".
شایەنى باسە ئاژانسی VNGی هۆڵەندی لە چوارچێوەی پرۆگرامەكانی MASAR و LOGOREP2 پێشتریش لە چەندین سێكتەری دیكەدا هاوكاری و پاڵپشتیی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان لە سنووری پارێزگای دهۆك و هەولێر كردووە، لە بواری ئاو و ئاوەڕۆ و كردنەوەی زنجیرەیەك خولی هەمەجۆر بۆ كارمەند و ئەندازیارانی بەڕیوەبەرایەتیی ئاوی دهۆك و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری دھۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆکانی دھۆک، پرۆژەی سندوقی كۆكردنەوەی جلوبەرگ بۆ كەسانی كەمدەرامەت و كەمپی ئاوارەكان بە ھاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی دھۆک، هەروەها پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری راوێژکاری لە بواری کۆکردنەوە و چارەسەرکردنی زبڵ و خاشاک و كردنەوەی وۆركشۆپ و سازكردنی سیمینار و ڕاهێنانی فەرمانبەران لەسەر بابەتە هەمەجۆرەكان هاوکارى هەرێمى کوردستان بوونە.