پڕۆژەیەكی گەشتیاریی مۆدێرن لە سۆران دەكرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە (2/11/2021) ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، پرۆژەی ڕووپەسەندی گەشتیاری بەسەر كردەوە كە ئێستە لە قۆناغی دروستكردندایە و دەكەوێتە سەر ڕێگەی سۆران- جوندیان.
لەمیانی سەردانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و شاندی یاوەری بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پڕۆژەكەی بەسەر كردەوە كە لە مۆتێلێکی 35 یەکەی گەشتیاری، 10 كوشكی فرۆشیاری، سپۆرت سەنتەر، ڕێستۆرانت، كەپری مۆدێرن و پاركینگ پێكهاتووە.
جێی ئاماژەیه، 90%ی پڕۆژەكە سەوزایییە و ڕەچاوی کوالێتییەکی بەرزی ژینگەپارێزی کراوە و هەوڵ دراوە ژینگەی سەوزایی دەڤەرەکە و جۆری دار و بەروبوومەکانی تێدا پارێزراو بێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، خۆشحاڵی خۆی بۆ قۆناغبڕیی پڕۆژەكە دەربڕی و بە هەنگاوێكی دیكەی پێشكەوتنی كەرتی گەشتیاری لە دەڤەرەكە ناساند و هیوای خواست ببێتە هۆكارێكی تری بووژانەوەی ئابووریی لە سۆران.
پرۆژەكە بە گوژمەی 3 ملیار دینار لەلایەن وەبەرهێنەری ناوخۆیی جێبەجێ دەكرێت.