زیاتر له ملیارێك و دووسهد ملیۆن دینار ، بۆ چهند پڕۆژهیهكی شاری دهۆك خهرج كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پەرەپێدانی ڕەوشی خزمەتگوزاری و پڕۆژەكان، لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك زیاتر لە 37 پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری جێبەجێ دەكرێن و بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانیش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە دوو فەرمانی وەزاری خۆیدا گوژمەی زیاتر لە یەك ملیار و 203 ملیۆن دیناری خەرج كرد.
ئەو بڕە پارەیەش بە دوو گوژمە و لە دوو فەرمانی جیادا خەرج كراوە، كە گوژمەیەكیان زیاتر لە 728 ملیۆن دینارە و لەسەر ڕێژەی 100%ی داهاتی فرۆشتنی زەوی ڕوكن و نایابی شارەوانی بۆ جێبەجێكردنی 21 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك خەرج كراوە.
هەروەها گوژمەكەی تریان زیاتر لە 475 ملیۆن دینارە و لەسەر ڕێژەی 15%ی داهاتی شارەوانی بە مەبەستی جێبەجێكردنی 16 پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی دهۆك خەرج كراوە كە هەردوو گوژمەكەش بە گوێرەی ڕێنماییەكانی دارایی تایبەت بە داهات خەرج دەكرێن.