لە پڕۆژەیەكی ڕووپێویدا 750 شوێنی شوێنەواریی لە دەشتی هەولێر تۆماركراون
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواریی لە دەشتی هەولێر بە یەكێك لە پڕۆژە گرنگەكانی بواری سێكتەری شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان بە گشتی و پارێزگای هەولێر بە تایبەتی دادەنرێت، ئەم پڕۆژەیە لە 2012ەوە دەستی پێ كردووە و لەلایەن تیمێكی زانكۆی هارڤاردی ئەمەریكی و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر سەرپەرشتیی دەكرێت و تا ئێستاش 750 شوێنی شوێنەواریی تۆماركراون.
ساڵانە و بۆ ماوەی یەك وەرز تیمێكی شوێنەوارناسانی كورد و زانكۆی هارڤاردی ئەمەریكی بە هاوبەشی ڕووپێوی شوێنەواریی ئەنجام دەدەن و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بە مەبەستی بایەخدان بەو كەرتە پاڵپشتی تەواوی پڕۆژە شوێنەوارییەكان دەكات و هاوكارە بۆ سەرخستنی كاری هاوبەشی تیمی شوێنەوارییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شوێنەوار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان.
پڕۆژەی ڕووپێوی شوێنەواریی لە دەشتی هەولێر یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكانی سێكتەری شوێنەوار و لەلایەن پڕۆفیسۆری شوێنەوارناس د. جیسن ئور، سەرۆكی تیمی زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری هەولێر سەرپەرشتیی دەكرێت، وێڕای بەردەوامی پڕۆژەكە، تاوەكو ئێستا 750 شوێنی شوێنەواریی تۆماركراون و پڕۆژەكە بۆ ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.