Skip to the content

نزیكەی 101 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سۆران خەرج كرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بۆ زیاتر خزمەتكردنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سۆران ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەردوو سێكتەری شارەوانی و ئاو جێبەجێ دەكەن و بۆ تەواوكردنی پرۆژەكانیش گوژمەی زیاتر لە 100 ملیۆن دینار خەرج كرا.

ڕۆژی سێشەممه 23/11/2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لەگەڵ هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرۆکی ئیدارەكە و تەواوی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سۆران کۆبووەوە، وێڕای بەدواداچوونی ڕەوشی خزمەتگوزاری، جەختی لەسەر كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سۆران و بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سۆران كردەوە وەك پاڵپشتی بۆ ئیدارەكە و خزمەتكردنی زیاتر سۆران.

ڕۆژی 22/11/2021 لە چوار فەرمانی جیاوازدا، لەسەر ڕێژەی 15%ی شارەوانی و ڕێژەی 17%ی ئاو لە سۆران، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەیەك بە بڕی نزیكەی 101 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی ژمارەیەك پرۆژەی خزمەتگوزاری لە هەردوو سێكتەری شارەوانی و ئاو خەرج كرا.