هەولێر.. دوو پڕۆژەی درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە پیرمام و كەسنەزان جێبەجێ دەكرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بایەخێكی زۆر بە پەرەپێدانی سێكتەری ئاو لە هەرێمی كوردستان دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش بە بەردەوامی پڕۆژەی نوێ جێبەجێ دەكرێت و ئەو پڕۆژانەیشی كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، نۆژەن دەكرێنەوە، لەو چوارچێوەیەشدا لە سنووری شارۆچكەكانی پیرمام و كەسنەزان لە هەولێر دوو پڕۆژەی درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو جێبەجێ دەكرێن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی 17%ی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە دوو فەرمانی وەزاریدا گوژمەی بۆ جێبەجێ دوو پڕۆژەی خزمەتگوزاری سێكتەری ئاو خەرج كرد بە مەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی "عمرە سوور" لە شارۆچكەی پیرمام لەگەڵ جێبەجێكردنی پرۆژەی درێژكردنەوەی تۆڕی ئاو لە گەڕەكی "حەسەناوە" و "كارێزان" لە كەسنەزان، كە ئەم پڕۆژانە كاریگەریان لەسەر پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاو لەو سنوورانە دەبێت.