Skip to the content

دووەمین كۆنفرانسی شوێنەواریی بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی ifpoى فەرەنسی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان،عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە (١٩ى ئۆكتۆبەری ٢٠٢١) بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و باربارا كوتورود سەرۆكی ئیفپۆی فەرەنسی و ژمارەیەكی تر لە مامۆستا و شوێنەوارناسی زانكۆكانی جیهان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی ifpoى فەرەنسی بۆ ڕۆژهەڵاتناسی، دووەمین كۆنفرانسی شوێنەواری بۆ تاوتوێكردنی كارەكانی ئەو تیمە شوێنەوارییانەی لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، بەڕێوەچوو.

ئامانج لە كۆنفرانسەكە گفتوگۆكردنی ئەنجامەكانی كنە و پشكنینی شوێنە شوێنەوارییەكانە کە ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردوو بەهۆی هەڵكۆڵینەوە دەستكەوتوون، ئەم كۆنفرانسە زیاتر لایەنە شاراوەكانی مێژوو و دەستكەوتنی بەڵگە شوێنەوارییەكان ڕوون دەكاتەوە، كە گرنگیی ئەو كۆنفرانسانە لەوەدایە پێگەی كوردستان لە ڕووی شوێنەوارییەوە بەهێزتر دەكات.

ئامانجێكی تری ئەو كۆنفرانسە، بەهێزتركردنی پەیوەندییە لەنێوان هەموو ئەو تیمانەی كاری شوێنەواریی لە ناوچە جیا جیاكانی هەرێمی كوردستان دەكەن و هەروەها بۆ یەكخستنەوەی ئەو ئەنجامانەیە كە بەهۆی كنە و پشكنینەوە بەدەستهاتوون، بە تایبەتی بۆ ئەوەی ناوچە شوێنەوارییەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسە جیهانییەكانی شوێنەواردا بناسرێت، چونكە ئەو مامۆستا و پیسۆڕانەی بەشدارییان لەو  كۆنفرانسەدا كرد، بە بەردەوامیی ڕۆڵیان لە كۆنفرانسە جیهانییەكانی تایبەت بە شوێنەواردا هەیە.