Skip to the content

زاخۆ.. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەرجەم دامودەزگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئۆکتۆبەری2021، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری شاندێکی وەزارەت کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پرۆژەکان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، ئاو و ئاوەڕۆ، شوێنەوار و ژمارەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەران، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و وێڕای کۆبوونەوەی لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، هاوکات لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی زاخۆش لەگەڵ سەرۆکایەتیی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاو، شوێنەوار و گەشتوگوزار و فەرمانبەرانی دامودەزگەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پیرۆزبایی ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی لە خەڵكی دەڤەری زاخۆ و دامودەزگەکان کرد و ئاماژەی بەوە كرد زاخۆ لای حکومەتی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکی حکومەت، زۆر خۆشەویستە و جێگەی بایەخدانی زیاترە، لەسەر داوای جەنابی سەرۆکی حکومەت پێویستە خزمەتی زیاتری زاخۆ بکرێت و ڕۆتین و دواکەوتنی مامەڵەی هاووڵاتییان نەمێنێ و پەرە بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بدەن، هەروەها دەبێ بۆ هەر مامەڵەیەک وادەیەکی دیاریکراو دابندرێت و نابێت هاووڵاتیان لە چاوەڕوانی مامەڵەکانیاندا بهێڵدرێنەوە، دووپاتیشی کردەوە خزمەتکردنی هاووڵاتییان ئەرکە و دەبێت بەڕێوەبەر و فەرمانبەران لە ڕاییکردنی مامەڵە و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی زاخۆ درێغی نەکەن.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا گوتیشی: ماوەیەك پێش ئێستا لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكومەت، سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ لە پلە یەكەوە كرایە پلە نایاب و لەبارەی پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئاماژەی بەوە کرد وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتی تەواوی خۆی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕادەگەیەنێت و بۆ ئەو مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان دەکەینەوە و فەرمانی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانی ئاوەدانی زاخۆمان داوە. هەروەها گوتیشی خزمەتکردنی هاووڵاتییان ئەرکمانە و پێویستە بە نەفەسێکی خزمەتكارانە خزمەتی خەڵکی زاخۆ بکەن، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی دامودەزگەکانی شارەوانی و هەموو فەرمانگەکانی دیکە دەکەین، چونکە زاخۆ لای حکومەت و سەرۆکی حکوومەت خۆشەویستە و حکومەت بە هەموو شێوەیەک لە تەواوی سیکتەرەکاندا بۆ پەرەپێدانی ئەو ئیدارەیە کاری پێویست دەکات.