Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئۆکتۆبەری2021، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بە یاوەری شاندێکی وەزارەت کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانی گشتیی دیوان، پرۆژەکان، نەخشەدانانی ئاوەدانی، ئاو و ئاوەڕۆ، شوێنەوار و ژمارەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەران، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد و لەلایەن گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و ژمارەیەكی دیكەی بەڕێوەبەرانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی دەڤەرەكە پێشوازی لێ كرا و پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامانجی سەردانەكەی بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن ئاشكرا كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی زاخۆ دەكرێتەوە و دەرخستەیەكیش بۆ قیڕتاوكردنی سەرجەم شەقامەكان بەرزكراوەتەوە.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا سەرەتا پیرۆزبایی لە خەڵكی دەڤەری زاخۆ و سەرپەرشتیاری ئیدارەكە كرد و هاوكات جەختیشی كردەوە لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت سەردانەكەیان ئەنجامداوە و ئامادەیی هەموو جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ پەرەپێدانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیاند، گوتیشی ماوەیەك لەمەوپێش لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت، پلەی شارەوانیی زاخۆ لە پلە یەكەوە كرایە نایاب.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: سەردانی ئەمڕۆمان جگە لە پیرۆزباییكردن، ڕاگەیاندنی پاڵپشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئێمە لە كۆبوونەوەكەماندا لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ، باسی ئەوەمان كرد بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی زاخۆ دەكەینەوە و فەرمانی دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی زاخۆمان دەركردووە، سەبارەت بە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندارەكانی دیكەش، لەمەودوا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكەن و هەموو ئاسانكارییەكی كارگێڕیش بۆ دروستكردنی فەرمانگەكانی دیكە و هەروەها بۆ ڕێكخستنی جۆری پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەت دەگرینەبەر.

 سەبارەت بە پەرەپێدان و قیڕتاوكردنی شەقامەكانی سنووری زاخۆ كە تا ئێستا قیڕتاو نەكراون یان پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: بە دڵنیاییەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پاڵپشتی تەواوی ئەو داواكارییە دەكات بۆ قیڕتاوكردنی تەواوی ئەو شەقامانەی تاوەكوو ئێستا قیڕتاو نەكراون و لەسەر پێشینەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆش هەر پرۆژەیەك پێویست بێت جێبەجێ دەكرێت و چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش دەرخستەیەكمان تایبەت بە پرۆژەكانی قیڕتاوكردن لە شاری زاخۆ بەرزكردووەتەوە.

لەبارەی پەرەپێدانی ڕێژەی سەوزایی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە وەڵامی یەكێك لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن دەڵێ: یەكێك لە هێڵە سەرەكییەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خودی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بایەخدانە بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستان، بۆیە هەموو هەوڵێك بۆ ئەو بابەتە دەدەین و داواش لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی زاخۆ دەكەین لەمەودوا بەشێكی بودجەكەیان یان داهاتی شارەوانیان بۆ بابەتی سەوزكردنی زاخۆ تەرخان بكەن.

لەبارەی پێشخستنی سێكتەری گەشتوگوزاریش گوتی: ئەو بابەتەمان لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ گفتوگۆ كردووە و دواتر لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاریش تاوتوێی دەكەین بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە دەیكەین. سەبارەت بە پاراستنی ناوچە شوێنەواری و گەشتیارییەكانی دەڤەرەكەش لە مەترسی شەڕ و پێكدانەكانیان، ڕایگەیاند: وەكوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار یاداشتی بەڕێوەبەرایەتییەكانی گشتیی شوێنەوار و گەشتوزارمان داوەتە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانەوە هەوڵ بدرێت شەڕ و پێكدانی چەكداری لەسەر خاكی هەرێمی كوردستان و لە ناوچە شوێنەواری و گەشتوگوزارییەكانمان دوور بخرێتەوە.
 شایەنی باسە، ڕۆژی 20ی9ی2021 مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێوڕەسمێكدا لە زاخۆ، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی ڕاگەیاند و لە بەشێكی قسەكانیدا سەرۆكی حكومەت گوتی: هیوادارین ئیدارەیەكی خزمەتگوزار بۆ بۆ بنەماڵەی شەهیدان و پێشمەرگە و هەموو خەڵكی دەڤەرەكە بێت و دەستپێك و قۆناغێكی نوێ دەستپێبكات بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی زاخۆ بكەین.