وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی پردی دەلالی كرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەکشەممە 24ی ئۆکتۆبەری2021، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری شاندێکی وەزارەت کە پێکهاتبوون لە ڕاوێژکار و سەرجەم بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و ژمارەیەکی تر لە بەڕێوەبەران، لەگەڵ بەڕێوەبەری شوێنەوار و سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ سەردانی پردی دەلالی کرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر پردی دەلال ئاماژەی بەوە کرد کە پردی دەلال لە زاخۆ، لای حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار گرنگییەکی زۆری شوێنەواری و پێگەیەکی گەشتوگوزاریشی بۆ زاخۆ و هەرێمی کوردستانیش هەیە و دەبێ خزمەتی زیاتری بکرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری زاخۆ کە پێشتر کاریان بۆ نۆژەنکردنەوەی پردەکە کردووە، لەبارەی پەرەپێدانی زیاتریش پێی بە تایبەتی لە ڕووی ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و عێراقی و بیانی، جەختی کردەوە پێویستە لە ڕووی جوانکاری و پاراستنی تایبەتمەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی پردەكە، پەرەی زیاتری پێ بدرێت تاوەكو کاریگەری زیاتری لەسەر ڕاکێشانی زۆرترین ژمارەی گەشتیاران هەبێت و تایبەتمەندییە مێژووییەکەشی بپارێزرێت چونکە حکومەت و خودی سەرۆکی حکومەت دەیەوێت بایەخی زۆرتر بە سێکتەری شوێنەوار بدرێت.
بۆ ئەو مەبەستەش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری دەربڕی بۆ هەر هاوکاری و کارئاسانییەک لەپێناو خزمەتكردنی پردی دەلال و دەوروبەری و سەرجەم شوێنە شوێنەوارییەکانی زاخۆ لە هەموو ڕووێکەوە. هەروەها سەردانی (پردی دەلال)مان لەلایەن بەڕێوەبەری شوێنەواری زاخۆ کورتەیەکی مێژوویی لەسەر مێژووی پردەکە شیكرایەوە.