وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری بەسەركردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەت پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری بەسەركردەوە.
ساسان عەونی ڕایگەیاند لەم بەشەی شەقامی 150 مەتریدا 350 ئامێر و ڕۆژانەش 900 دەستیكاری خۆماڵی كار دەكەن.
ئەم بەشەی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر درێژییەكەی زیاتر لە حەوت كیلۆمەترە كە چوار بەرزەپردی هەیە و بە درێژایی شەقامەكەش ئاوەڕۆ لەخۆدەگرێت لەگەڵ 12كەلڤەرت بۆكس و شەقامی دووسایدی خزمەتگوزاریشی هەیە كە شەش مەترن.
لەسەر ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە 7ی ئۆكتۆبەری2021 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزگاری هەولێر و شاندێكی فراوانی دامەزراوەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی، سەردانی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێری كرد و لە نزیكەوە بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئیشوكارەكانی بەشی دووەم لە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە كرد و پاشان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاری لەسەر پڕۆژەكە خستەڕوو.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ میدیاكان گوتی: ئەو سەردانەمان بۆسەر پڕۆژەی 150 مەتریی هەولێر لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بە مەبەستی بەدواداچوونی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی بەشی دووەم لە قۆناغی یەكەم، لەبارەی بەردەوامی و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش وێڕای قەیرانی دارایی، ساسان عەونی گوتیشی: بەرنامەی سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی و كابینەی نۆیەمی حكومەت هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە هاووڵاتیان چەقی بایەخدان و خزمەتگوزارییەكانن، ئێمە هاووڵاتییانی كوردستان بە شایەنی باشترین خزمەتكردن دەزانین، بۆیە سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایی و پەتا و نەخۆشی و گەمارۆیەی بەغدا لەسەر هەرێمی كوردستانی دانا و مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستانی خەرج نەكرد، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان شەو و ڕۆژ لە كاركردن بەردەوامە و خزمەتگوزارییەكانیش نەوەستاون، بەڵكو بە ڕێكخستنەوەی داهاتەكان توانیومانە خزمەتی هاووڵاتییان بكەین كە لە سەرجەم شار و شارۆچکەكانی هەرێمی كوردستان پڕۆژەكان بەردەوامن.
لەبارەی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری بۆ دەزگەكانی ڕاگەیاندن گوتیشی: پڕۆژەی شەقامی 150 مەتریی هەولێر بە سوپاسەوە لەلایەن كۆمپانیای هێمن گرووپەوە جێبەجێ دەكرێت كە توانای جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییە گەورەكانی هەیە. سەبارەت بە وادەی تەواوبوونی ئەو بەشەی پڕۆژەكەش گوتی: بە گوێرەی گرێبەست بێت، دەبێ لە مانگی 12ی ساڵی داهاتوودا تەواو بكرێت، بەڵام كۆمپانیای هێمن گرووپ لەپێش وادەی خۆیاندا بەو توانا زۆرەی سەرفی دەكەن، پێموایە ئەو بەشە تەواو دەكەن، چونكە ئێستا كاری خۆڵكاریان تەواوكردووە و كاری كۆنكرێت دەستیپێكردووە، بۆیە پێشبینی دەكەین لە هەفتەی داهاتوودا كاری قیڕیش دەستپێبكات، هیوادارین لەپێش وادەی خۆیدا پڕۆژەكە تەواو بكرێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار زانیاری لەبارەی ئەو بەشەی شەقامەكە خستەڕوو و ڕایگەیاند: ئەو بەشەی پڕۆژەی شەقامی 150مەتری، درێژییەكەی زیاتر لە حەوت كیلۆمەترە كە چوار بەرزەپرد لەخۆدەگرێت و بە درێژایی شەقامەكەش ئاوەڕۆی هەیە، لەگەڵ دوازدە كەلڤەرت بۆكس و پاناییەكەشی درێژكراوەی شەقامەكەیە كە پانی هەر لایەكی شەقامەكان 19 مەتر و نیون و هەروەها شەقامی دووسایدی خزمەتگوزاریش لەخۆدەگرێ كە پانییەكەی شەش مەترە و 350 ئامێر كاری تێدا دەكەن و ڕۆژانەش 900 دەستیكاری خۆماڵی كاری تێدا دەكەن و تا ئێستا كارێكی زۆر باشی تێدا كراوە، پێویستە ئاماژە بەوەش بكەم كە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی ژێرخانی زۆر گەورەی دەیان ساڵی داهاتووی هەرێمی كوردستانە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەخت دەكاتەوە لە بەردەوامی پڕۆژەكان و لەمبارەیەوە گوتی: لەم سەردانەماندا دووپاتی دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ناخۆشترین بارودۆخ و قەیرانەكاندا ڕژدە لەسەر جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان و ئاوەدانكردنەوەی هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان. سەبارەت بە گرنگیی پڕۆژەكە و بە تایبەتی ئەو بەشەی شەقامەكە، ڕایگەیاند: گرنگیی ئەو پارچەیەی شەقامەكە لە كاتی تەواوبوونیدا شەقامی كۆیە بە شەقامی دهۆك دەبەستێتەوە، واتە بەستانەوەی دهۆك بە شەقامی شەقڵاوە-حاجی ئۆمەران و بەستانەوەی بە كۆیە و سلێمانی، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئاسانكاری هاتوچۆی هاوڵاتییان لە شاری هەولێر و ئەو كۆمەڵگە نیشتەجێیانەی لە نزیك ئەو شەقامەوەن دەبێت.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: بە تەواوبوونی ئەو شەقامە لۆدێكی زۆر لەسەر شەقامەكانی دیكەی شاری هەولێر نامێنێ و لە پلانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێریشدایە كە هەموو ئەو شەقامە تیشكیانەی كە شەقامی 150 مەتری بە شەقامی 120 مەتری و شەقامەكانی تر دەبەستێتەوە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، چونكە ڕوئیای سەرۆكی حكومەت و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوشان لەگەڵ كەرتی خۆماڵیدا بتوانین كارەكان جێبەجێ بكەین.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: بە تەواوبوونی ئەو شەقامە لۆدێكی زۆر لەسەر شەقامەكانی دیكەی شاری هەولێر نامێنێ و لە پلانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێریشدایە كە هەموو ئەو شەقامە تیشكیانەی كە شەقامی 150 مەتری بە شەقامی 120 مەتری و شەقامەكانی تر دەبەستێتەوە لە وادەی خۆیدا جێبەجێ بكرێت، چونكە ڕوئیای سەرۆكی حكومەت و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوشان لەگەڵ كەرتی خۆماڵیدا بتوانین كارەكان جێبەجێ بكەین.