بڕیار درا بە خەرجكردنی 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سۆران
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی شەقام و كۆنكرێتكردنی چەند شوێنێكی تێكچوو لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سۆران جێبەجێ دەكرێت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش بڕیاری دا بە خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە 132 ملیۆن دینار بۆ تەواوكردنی ئەو پڕۆژانە.
بە گوێرەی نووسراوی ژمارە (7947)ی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر ڕێژەی %15ی داهاتی شارەوانییەكان بڕیار درا بە خەرجكردنی گوژمەی (132,039,048) سەد و سی و دوو ملیۆن و سی و نۆ هەزار و چل و هەشت دینار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی شەقام لە گەڕەكی هەندرێن، هەروەها نۆژەنكردنەوەی جۆگەی كراوە و كۆنكرێتكردنی شوێنە تێكچووەكانی چەند شەقامێك لە سۆران.
خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكانی داراییە بۆ زیاتر خزمەتكردنی شاری سۆران.