هەولێر.. بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار دەست بە جێبەجێكردنی سێ پڕۆژە كرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە گوژمەی 700 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەست بە جێبەجێكردنی سێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرەكانی قیڕتاوكردن و ئاوەڕۆ و دروستكردنی شۆستە كرا و لە هەفتەی داهاتووشدا حەوت پڕۆژەی دیكە دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێ و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایدەگەیەنێت كە ئێستا لە شاری هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار نزیكەی 30 پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێكردندان.
ڕۆژی یەكشەممە 12ی ئەیلوولی 2021 لەژێر چاودێریی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی دروستكردنی شەقام و ئاوەڕۆ لە گەڕەكی نازنازی شاری هەولێر داندرا كە پڕۆژەی یەكەمیان پێكهاتووە لە دروستكردنی شەقامی 20 مەتری و هەروەها پڕۆژەی دووەمیش قیڕتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكانی گەڕەكی نازنازە، لەگەڵ دەستپێكردنی پڕۆژەیەكی تری قیڕتاوكردنی شەقام لە گەڕەكی كوێستان و كۆی گوژمەی ئەو پڕۆژانەش نزیكەی 700 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی دانانی بەردی بناغەی یەكێك لە پڕۆژەكانی گەڕەكی نازناز لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا ڕایگەیاند: ئەو سێ پڕۆژەیە لە درێژەی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەن كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئێستا جێبەجێیان دەكەن و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانیش دڵنیا دەكەینەوە کە جەنابی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مەسرور بارزانی ڕێنمایی هەموو دامودەزگەكانی حكوومەت دەكات بۆ ئەوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیەندرێنە سەرجەم شوێنەكانی هەرێمی كوردستان و ئێمەش بە دڵسۆزییەوە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری و جێبەجێكردنی پڕۆژە بەردەوام دەبین.
سەبارەت بە گرنگی ئەو پڕۆژانە بۆ گەڕەكی نازناز، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی، ئەم پڕۆژانە زۆر گرنگن بۆ گەڕەكی نازناز كە تاوەكو ئێستا قیڕتاو نەكرابوو. لەبارەی داهات و ژمارەی پڕۆژەكانیش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: ژمارەیان سێ پڕۆژەن و تێچوویان 700 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن، ڕاشیگەیاند ئەو پڕۆژانە لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی 30 پڕۆژەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێردان كە ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار لە شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێن.
پاشان هەر لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر گوتی: ئێستا لەسەر داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر نزیكەی 30 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری جێبەجێكردندان و ئەمڕۆش زۆر خۆشحاڵین بە دانانی بەردی بناغەی قیڕتاوكردنی شەقامەكانی گەڕەكی نازناز كە پێشتر شەقامەكانی قیڕتاو نەكراون و ئهو سێ پڕۆژەیهی دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت گوژمەی هەموویان 700 ملیۆن دینارە و لەسەر داهاتی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەكرێن.