Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی 499 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ لە سلێمانی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی 499 ملیۆن دینار بۆ دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ لە سلێمانی.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی زیاتر لە 499 ملیۆن دینار بە مەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ شەقام و كۆڵانەكانی جیاكراوەی (212)ی كەرتی 8ی ئابڵاخ لە شاری سلێمانی.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی واژووی لەسەر خەرجكردنی بڕی (499,254,690) چوار سەد و نەوەد و نۆ ملیۆن و دووسەد و پەنجا و چوار هەزار و شەش سەد و نەوەد دینار كرد، كە ئەو بڕە پارەیە لەسەر داهاتی ڕێژەی %15ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانییە و بە گوێرەی یاسا و ڕێنماییەكان بە مەبەستی جێبەجێكردنی دەرخستەی تایبەت بە دروستكردنی تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ شەقام و كۆڵانەكانی جیاكراوەی (212)ی كەرتی (8)ی ئابڵاخ لە شاری سلێمانی خەرج دەكرێت.