Skip to the content

ساسان عەونی: خزمەتگوزاری دەگەیەنینە هەموو ئەو شوێنانەی هەرێمی كوردستان كە پێویستییان بە پڕۆژە هەیە

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگه‌یاند هەر شار و گەڕەك و شارۆچكەیەكی هەرێمی كوردستان پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت لەسەر ڕاسپاردە و ڕێنمایی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خزمەتگوزاریان بۆ دەبردرێ و بەڵێنیش دەدەین بەوپەڕی لەخۆبوردەییەوە كار بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هەموو شوێنەكان دەكەین.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، هه‌روه‌ها ڕایدەگەیەنێت هاووڵاتییانی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە بەردەوام جەنابی  مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنمایی ئێمە لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و هەموو دامودەزگەكانی حكوومەت دەكات بەوەی دەبێ خزمەتگوزاری بگەیەندرێتە هەموو شوێنەكانی كوردستان و ئێمەش بە دڵسۆزییەوە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو شوێنەكان كار دەكەین و بەردەوام دەبین.
ساسان عەونی لەبارەی گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ سەرجەم شار و شارۆچكە و شوێنە نیشتەجێبووەكانی كوردستان، دەشڵێت: وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێن دەدەین و هاووڵاتییانی خۆشەویستی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە هەر شار و گەڕەك و شارۆچكەیەكی كوردستان پێویستی بە خزمەتگوزاری هەبێت، بەوپەڕی لەخۆبووردەییەوە هەوڵ دەدەین خزمەتگوزاریان پێ بگەیەنین، چونكە ئەوە ئامانجی حكومەتی هەرێمی كوردستانە خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەموو ئەو شوێنانەی پێویستییان بە پڕۆژە و خزمەتگوزاری هەبێت، ئێمەش وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار هەموو هەوڵەكانی خۆمان بۆ ئەو بابەتە چڕكردووەتەوە تا باشترین خزمەتگوزاری پێشكەش بە هاووڵاتییان بكەین.