Skip to the content

لە كابینەی نۆیەمدا 397 پڕۆژه‌ بە 31 ملیار دینار لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كۆنفرانس و كۆبوونەوەی بۆ ڕێكخستنەوەی داهاتەكان ساز كرد و لەمبارەیەوە هەنگاوی كردەیی هاویشت، ئەمەش نەك بۆ دروستكردنی بارگرانی بووبێت بەسەر خەڵكەوە، بە پێچەوانەوە تەنیا بۆ ڕێكخستنەوەی چۆنیەتی وەرگرتنی داهاتەكان بووە و لە هەندێ حاڵەتیشدا باج و ڕسومات لەسەر هاووڵاتییان كەمكرایەوە.
بەشێكی ئەو داهاتانەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێن، دووبارە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرج دەكرێنەوە، تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار397 پڕۆژەی گەورە و مامناوەند و بچووك، بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار لە هەرسێ سێكتەرەكانی شارەوانی و ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزاردا بڕیاریان بۆ دەرچووە و لەلایەن فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ كراون.
جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لەسەر داهات بەپێی پارێزگە و سێكتەرەكان به‌م شێوه‌یه‌ بووه‌ :
هەولێر: لە هەر سێ سێكتەری شارەوانییەكان، ئاو، گەشتوگوزاردا 112 پڕۆژە بە گوژمەی نزیكەی 11 ملیار دینار جێبەجێ كراون.
سلێمانی: لە هەر سێ سێكتەردا 59 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 12 ملیار دینار جێبەجێ كراون.
دهۆك: لە هەر سێ سێكتەردا 58 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار دینار جێبەجێ كراون.
هەڵەبجە: ژمارەی پڕۆژەكان 18 پڕۆژەن و بە گوژمەی زیاتر لە 156 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون.
گەرمیان: 25 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 729 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون.
ڕاپەڕین: 25 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیار دینار جێبەجێ كراون.
كۆی پڕۆژەكان لەسەر ئاستی سەرجەم پارێزگەكانی هەرێمی كوردستان ژمارەیان 397 پڕۆژەن و بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار لەسەر داهاتی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ كراون.