Skip to the content

لە ڕێگەى کەرتى گەشتوگوزارەوە سەدان هەلى کار دەڕەخسێنرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار جەخت لە دەستەبەرکردنی هەلی کار دەکات لە تەواوی کەرتە گەشتیارییەکان، بۆ ئەو مەبەستەش تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ڕاسپاردووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێژەی لە ٣٠% لە تەواوی کەرتە گەشتیارییەکان.

ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لەسەر ئەو بڕیارە ڕایگەیاند "بە مەبەستی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگا و ئامادەییە پیشەییەکان و بە تایبەت دەرچوانی بەشەکانی گەشتوگوزار بۆ هەردوو ڕەگەز، هەر یەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان ڕاسپێردراون بۆ بەدواداچوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە کاتی پێدان و نوێکردنەوەی مۆڵەت مەرجی لە ٣٠% جێبەجێ بکرێت".
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار باسیشى لەوە کرد کە جێگەی دەستخۆشییە ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر ئامادەکاری تەواوی بۆ بڕیارەکە کردووە و خولی تایبەتی بۆ پێگەیاندنی کادیری ئەکادیمیی گەشتوگوزار کردووەتەوە لە بوارە جیاوازەکاندا و هاوکات سوپاسی کەرتی تایبەتی کرد کە هاوکار و هەماهەنگن بۆ جێبەبێکردنی ئەم بڕیارە.