مۆڵەتی كنە و پشكنینی چوار ناوچەی شوێنەواریی بە چەند زانكۆیەكی جیهانی درا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبەستی واژووكردنی مۆڵەتی شوێنەواریی درایە ژمارەیەك زانكۆی ئەڵمانی و هەنگاری، بۆ كنە و پشكنینی چەند ناوچەیەكی شوێنەواری لە سلێمانی، دهۆك، قەڵادزێ و بێتواتە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جەنابی سەرۆك وەزیران، بایەخێكی تایبەتی بە شوێنەوارەكان داوە و لە كارنامەی كابینەكەشدا ئەو بایەخە بە گرنگییەوە ڕەنگی داوەتەوە."
ڕێوڕەسمی واژووكردنەكە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەك پرۆفیسۆری چەند زانكۆیەكی ئەڵمانی و زانكۆیەكی هەنگاری كرا، كە بریتی بوون لە: د. تۆماس دیزسۆ، نوێنەری زانكۆی (ئۆتفیۆش لۆڕانت)ی هەنگاری، بۆ كنە و پشكنینی گردی تلێ لە ناحیەی سەروچاوەی دەڤەری ڕاپەڕین، ئیڤانا پۆلێچز، نوێنەری زانكۆی (فرایبۆڕگ)ی ئەڵمانی بۆ كنە و پشكنینی گردی موقبلێ لە قەزای سیمیل لە شاری دهۆك، د. مایكڵ ج. بڕاون، نوێنەری زانكۆی (هایدلبێرگ)ی ئەڵمانی بۆ كنە و پشكنینی شوێنەواری مێرقوڵی لە قەزای دووكان لە سلێمانی، هەروەها لە دەڤەری قەڵادزێ گردی زراو و قەڵای دینگە لەلایەن كارن ڕاینەر، نوێنەری زانكۆی (میونخ)ی ئەڵمانی و فلۆریان یانۆشە، نوێنەری زانكۆی (مونستەر)ی ئەڵمانی كاری كنە و پشكنینیان بۆ دەكرێت.
هەر لە ڕێوڕەسمەكەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: "جەنابی سەرۆك وەزیران ڕەزامەندی داوە كە ساڵانە 900 ملیۆن دینار بۆ كەرتی شوێنەوار تەرخان بكرێت كە ئەو كەرتە ماوەی 10 ساڵ بوو بە هۆی قەیرانەكانەوە نەتوانرابوو بودجەی پێویستی بۆ دابنرێت. دڵنیاین ئەم بودجەیە كاریگەری لەسەر بووژانەوەی بەشێكی كەرتی شوێنەوار دەبێت.
نیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە (14ی ئەیلوولی 2021) ڕێوڕەسمەكە لە بەڕێوەبەرایەتیی توانای مرۆیی بە ئامادەبوونی كەیفی مستەفا بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار بەڕێوە چوو، تێیدا سوپاسی ئەو پرۆفیسۆر و تیمانەی كرد كە كاری كنە و پشكنینەكانیان بە دڵسۆزانە دەكەن و ڕایگەیاند كە وەزارەتی شارەوانی بە هەموو شێوەیەك هاوكاریان دەبێت تا كارەكانیان بە باشی ڕاپەڕێنن.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە بایەخێكی زۆرەوە دەڕوانێتە كەرتی شوێنەوار، وەك ساسان عەونی لە گوتارەكەیدا ئاماژەی پێ كرد و گوتی: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ئەركی ئەم سێكتەرەی لە ئەستۆیە، هەوڵی داوە هەموو كارئاسانییەك بكات بۆ گەیشتن بەو ئامانجە سەرەكییانەی هەمانە، ئەویش ناساندنی زۆرترین شوێنەواری وڵاتەكەمانە بۆ ڕیزی شوێنەوارە جیهانییەكان، لەم بوارەش داوای هەماهەنگی لە هەموو لایەك دەكەین. هەروەها ئاماژەی بە دەقی كارنامەی كابینەی نۆیەم كرد لەسەر ئەو كەرتە كە بەم شێوەیە هاتووە: "شوێنەوارە مێژووییەکانمان بەشێکن لە سەرمایەی مێژوویی و کلتووری وڵاتەکەمان و پاراستنیان ئەرکێکی لە پێشینەمان دەبێت و کار دەکەین بۆ بەهێزترکردنی ئالییەتی دۆزینەوە و سەرپەرشتی و پاراستنیان و هەروەها هەوڵی بەکارخستنی کاراتری ئەم شوێنەوارانە دەدەین بۆ بواری گەشتیاری ، بە پێی ستانداردە باوەکان."