وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوون بۆ كاری كنە و پشكنینی چوار شوێنەواری پارێزگەی دهۆك دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاری كنە و پشكنینی هەر چوار شوێنەوارەكانی ئاسنگەران لە ڕۆڤیا و باستكێ و موقبلێ لە سنووری سێمێل و شوێنەوارە هەڵكۆڵدراوەكانی فەیدیێ سەردانی ئەو چوار شوێنەوارانەی لە پارێزگەی دهۆك كرد، كە ئەو چوار شوێنەوارە ئێستا لەلایەن چەند زانكۆیەكی بیانی كاری كنە و پشكنینیان بۆ دەكرێ و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە شوێنی شوێنەوارەكان جەختی كردەوە لەوەی سەرۆكی حكومەت بایەخێكی زۆر بە شوێنەوار دەدات و وەك حكومەت و وەزارەتی شارەوانی ئامادەی هەر جۆرە هاوكاری و كارئاسانییەكن لەگەڵ ڕێكخراو و زانكۆ بیانییەكان بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان.
ڕۆژی پێنجشەممە 16ی ئەیلوولی 2021 ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەری بەڕێوەبەری گشتیی پلاندان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار سەردانی پارێزگەی دهۆكی كرد، بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كاری كنە و پشكنین لە هەر چوار شوێنەواری ئاسنگەران لە ڕۆڤیا و باستكێ و موقبلێ لە سێمێل و هەڵكۆڵدراوەكانی شوێنەواری فەیدیێی كرد و لەمیانەی ئەو سەردانانەیدا بە وردی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی كنە و پشكنین لەگەڵ تیمی زانكۆ بیانییەكان و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك كرد.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرەتا سەردانی شوێنەواری گرێ ئاسنگەرانی سەر بە شارۆچكەی ڕۆڤیای كرد كە ئەم شوێنەوارە گرنگترین و گەورەترین شوێنی شوێنەوارە لە سنوورەكە و ئێستا تیمێكی زانكۆی ئودینی ئیتاڵی بە سەرپەرشتی دكتۆر ماركۆ كاری كنە و پشكنینی بۆ دەكات، تا ئێستا نزیكەی 17 پارچە شوێنەوار لەو شوێنە دۆزراونەتەوە كە مێژووەكەیان بۆ زیاتر لە 2500 ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە.
پاشان وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی سەردانی شوێنەواری باستكێی لە سێمێل كرد، كە ئەو شوێنەوارەش لە پارێزگەی دهۆك زۆر گرنگە، چونكە لە تێكستە كۆنەكاندا ناوی دەهات، بەڵام كەس نەیدەزانی شوێنەكەی كوێیە، پاشان دەركەوت كە ئەو شوێنە شوێنێكی زۆر گەورەیە و ژمارەیەكی زۆر لە پارچە و شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە و مێژووەكانیان بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە، سەرۆكی تیمی زانكۆی توبنگنی ئەڵمانی پرۆفیسۆر پیتر پڤالزنەر سەرپەرشتی ئەو پڕۆژەیە دەكات و پاشان بە وردی لەگەڵ وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گفتوگۆیان لەبارەی شوێنە شوێنەوارەكە كرد بۆ ئەوەی بایەخی زۆری پێ بدرێت.
هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەردانی شوێنەواری موقبلێی لە سێمێل كرد، كە ئەم شوێنەوارە زۆر كۆنە و مێژووەكەی بۆ 2500 تا 2900 ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە و تیمێكی زانكۆی فرایبورگی ئەڵمانی بە سەرپەرشتی د. ئیڤانا پولجیز كاری كنە و پشكنینی بۆ دەكات. دواتر سەردانی شوێنەوارە هەڵكۆڵدراوەكانی فەیدێی كرد كە ئەو شوێنە لە بنەڕەتدا مێژووەكەی زۆر كۆنە و پڕۆژەیەكی ئاودێری بووە بۆ گەیاندنی ئاو لە سنووری پارێزگەی دهۆك بۆ نەینەوا كاتێك پایتەختی دەوڵەتی ئاشووری بووە، لەو شوێنەدا دە نەخشەی هەڵكۆڵدراو دۆزراونەتەوە لەگەڵ كەناڵێكی گەورەی ئاو كە درێژییەكەی نزیكەی 8 كیلۆمەترە و پڕۆژەكە لەگەڵ زانكۆی ئودینی ئیتاڵی بە سەرپەرشتی پرۆفیسیۆر دكتۆر دانیال جێبەجێ دەكرێت. وێڕای تیمی زانكۆ بیانییەكان، فەرمانبەران و شوێنەوارناسەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆك كار لەگەڵ ئەو تیمە بیانیانە دەكەن و نزیكەی 150 هەلیكاریش بۆ هاووڵاتییان ڕەخساوە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئامانجەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ تیمی زانكۆ بیانییەكان ڕوونكردەوە لەوەی حكومەت و خودی سەرۆكی حكومەت بایەخێكی زۆر بە كەرتی شوێنەوار دەدات بۆ ئەوەی وەك پاڵپشتییەكیش بێت بۆ كەرتی گەشتوگوزار و ڕۆڵی لە فرەداهاتدا هەبێت و شوێنەوارەكانیش پارێزراون بن، لەمبارەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە ئەوان وەك حكومەت و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەی هەموو هاوكاری و كارئاسانییەكن لەگەڵ ڕێكخراو و تیمی زانكۆ بیانییەكان بۆ پەرەپێدانی كەرتی شوێنەوار و دۆزینەوەی شوێنی شوێنەوار لە هەرێمی كوردستان.