پێشانگای گەشتیاری لە شاری دهۆک: پێویستە پێشانگاکە فراوانبێت چەندین چالاکی جۆربەجۆر لەخۆبگرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامانجی بەڕێوەچوونی پێشانگایەکی تایبەت و فراوان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە ۲۷ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار لە شاری دهۆک، لیژنەی ئامادەکاری پێشانگاکە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار بۆ جاری دووەم کۆبونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا بەرنامە و چالاکییەکانی تەواوی ڕۆژەکانی بەڕێوەچونی پێشانگاکە تاوتوێکرا، ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار ڕایگەیاند، پێویستە پێشانگایەکی فراوانبێت چەندین چالاکی جۆربەجۆر لە خواردن و جلوبەرگ و هونەر و کولتوری گەشتیاری لەخۆبگرێت و و چالاکییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.
ئاشکراشیکرد، بەڕێوەچوونی ساڵڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار بۆ ئەمساڵ تەواو جیاوازە، بەوپێیەی لە دووساڵی ڕابردوودا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە چالاکییەکانی بواری گەشتوگوزار وەک پێویست بەڕێوەنەچووە، هەربۆیە پێویستە چالاکییەکان تەواو جیاواز و کلتوریبن.