ئەمساڵ نزیكەی 26 ملیار دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە
- حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی خەرج كراوە
هەولێر،هەرێمی كوردستان،عێراق (GOV.KRD)- لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢وە، ١٤ ملیار و نۆسەد و حەفتا و پێنج ملیۆن دینار بۆ كۆكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراوە، هەروەها حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بۆ ڕیسایكلین و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان و خەرج كراوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سەرەتای ساڵی 2022دا بڕی زیاتر لە 14 ملیار دیناری بۆ خاوێنكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و هەروەها حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشی بۆ بابەتی ڕیسایكلین و چارەسەركردنی خاشاكی ڕەق لە سلێمانی تەرخان كردووە، كۆی هەردوو گوژمەكەش دەكاتە نزیكەی 26 ملیار دینار.
تەرخانكردنی ئەو 26 ملیار دینارە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەندێك دەزگەی میدیایی بەهەڵەداچوون لەوەی دەیانەوێت ڕاستییەكان بشێوێنن كە گوایە پارە بۆ چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج ناكرێت، لەكاتێكدا ئەو گوژمەیە بەراورد بە شوێنەكانی تری كوردستان زۆر زیاتریشە.
بەپێی دوو بەڵگەنامە، لە ڕێكەوتی 16/2/2022 بە نووسراوی ژمارە(2655)ی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بڕیار لەسەر خەرجكردنی گوژمەی (14,975,153,340 ) دينار بەمەبەستی پاككردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاك بۆ شاری سلێمانی بۆ ماوەی یەك ساڵ دراوە.
هەروەها بە گوێرەی نووسراوێكی دیكەی ئەنجوومەنی وەزیران/فەرمانگەی بەدواداچوونی پرۆژەكان بە ژمارەی 2690 لە ڕێكەوتی 16/2/2022 كە ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاكی ڕەق لە سلێمانی بۆ ساڵی 2022 گوژمەی (7,500,000) حەوت ملیۆن و پێنجسەد هەزار دۆلار بەشێوەی نەختینە و قۆناغ تەرخان كراوە. كۆی ئەو دوو گوژمانەی لەمساڵدا تەنیا بۆ خۆڵ و خاشاكی سلێمانی تەرخان كراون نزیكەی 26 ملیار دینارە.