بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگاى هەولێر زیاد دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-تەنیا لەنێو شاری هەولێردا ڕۆژانە ( 665,000م٣) ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەرهەم دێت، سەرچاوەی دابینكردنی ئەو بڕە ئاوە لە ڕێگەی پرۆژەكانی ئیفراز1 و 2 و 3 و زیاتر لە 1200 بیری ئاوە، بڕیاریشە ژمارەیەكی زۆر بیری نوێ لێبدرێن، كە بەهۆیانەوە بڕی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێر زیاد دەكات.
زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەبارەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر، دەڵێ: لە ڕێگەی پرۆژەكانی ئاوی ئیفراز1و2و3 و هەروەها زیاتر لە 1200 بیری ئاو لە گەڕەك و شوێنە گشتییەكان، ڕۆژانە (665,000م٣) ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی نێو شاری هەولێر بەرهەم دێت و دابەش دەكرێت. جگە لە ئاوی دەوروبەری هەولێر.
چەند هەفتەیەك لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ لێدانی 138 بیری ئاو و ڕووبەڕووبوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری هەولێر تەرخان كرد، دواتر بەمەبەستی جێبەجێكردنی بڕیارەكە، لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی كارەبا و پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر لێدانی 138 بیری ئاو و دروستكردنی لیژنەیەك بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و چارەسەركردنی گرفتەكانی ئاو لە شاری هەولێر درا.
سەبارەت بە لێدانی ئەو بیرانە لە شاری هەولێر، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر گوتی: لەو ژمارەیە 104 بیریان بۆ نێو شاری هەولێرن، هەروەها 34 بیریش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دەوروبەری هەولێرن، كە 70%ی بیرەكان بیری بەدیلن بۆ ئەو شوێنانەی ئاویان وشكی كردووە یان دابەزیوە، 30%ی بیرەكانی دیكەش بیری نوێن بۆ گەڕەكە نوێكان و گەڕەكە فراوانبووەكان لێ دەدرێن.
لەبارەی كاریگەری ئەو بیرە بەدیل و نوێیانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی كەمئاوی و زیادكردنی بڕی بەرهەمهێنانی ئاوی خواردنەوە لە شاری هەولێردا، زەردەشت سەرسام، گوتی: لێدانی ئەم بیرانە دەبێتە ھۆی چارەسەری بەشێکی زۆری گرفتی كەمئاوی لە چەند گەڕەکێکی شاری ھەولێر و گرفتەكان بە شێوەیەكی بەرچاو کەم دەکات و بڕی بەرهەمهێنانی ئاویش لە هەولێر و دەوروبەری زیاد دەكات.