كۆنفرانسی پەرەپێدانی گەشتوگوزار بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 4/4/2022 لە شاری هەولێر، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆنفرانسی پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار بەڕێوەچوو، كۆنفرانسەكە لەلایەن دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بە هەماهەنگیی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ڕێكخرا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش جەختی كردەوە لەسەر ڕەخساندنی هەلیكاری خۆماڵی و داوای لە كەرتی تایبەتیش كرد سەرمایەكانیان لە بووژانەوەی سێكتەری گەشتوگوزاردا بەگەڕ بخەن، ئاماژەی بە گرنگیی گەشتوگوزاریش لە بووژانەوە و بەهێزكردنی ئابووریی كوردستاندا كرد.
لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی كۆنفرانسەكەدا د. جوتیار عادل سەرۆكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ڕاوێژكاری سەرۆكی حكوومەت، ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتیی گەشتوگوزاری سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لیژنەی شارەوانی و گەشتوگوزاری پەرلەمانی كوردستان و نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و مامۆستایانی زانكۆ و سەرجەم دامودەزگەكانی گەشتوگوزار لەسەر ئاستی شار و شارۆچكەكان و چەندین لایەنی دیكە بەشداربوون. كە ئامانج لە سازكردنی ئەم كۆنفرانسەدا، پەرەپێدانی جۆرەكانی گەشتوگوزار و توانا مرۆییەكان و ڕێكخستنەوە و بەهێزكردنی بەبازاڕكردن و ڕاگەیاندنی گەشتیاری و هاوبەشیكردنی کەرتی تایبەت و هەمواركردنەوەی ڕێنمایییە گەشتیارییەكانە.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتارێكدا لەبارەی ئامانجی كۆنفرانسەكە گوتی: ئامانجمان پەرەپێدان و بووژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزارە لە دوای پەتای کۆرۆناوە، بە پلان و بەرنامەیەکی تازەوە دراسەیەکی ورد و زانستییانەی باری ئێستای گەشتوگوزار دەکەین و کێشە و ئاستەنگەکان دەستنیشان دەکرێن و هەڵسەنگاندنیش بۆ دەرفەتە فراوانەکانی پێش ئەو سێکتەرە دەکەین وەك نەخشەڕێگای کاری پەرەپێدان و بووژانەوەی سێکتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستاندا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری گوتارەكەیدا ڕاشیگەیاند: گەشتوگوزار لە بەرنامەی كاری كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەك سێكتەرێکی گرنگ، بایەخی پێدراوە و ڕۆڵی لە بووژانەوە و بەهێزكردنی ئابووریی كوردستان دیاری کراوە، بەهۆی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش، هەرێم پێگەیەكی ئارام و سەقامگیری هەیە، بۆیە دەکرێت سێکتەری گەشتوگوزاریش لەم دەرفەتە سوودێکی گەورە وەربگرێت، بە تایبەتی کە هەموو مەرجەکانی بوونی گەشتوگوزارێکی سەرکەوتوو و پرۆفێشناڵ لە کوردستاندا هەنە. بۆیە لەم کۆنفرانسەدا بە وردی سەرجەم لایەنەکانی ئەو پرسە تاوتوێ دەکرێن و و ڕای شارەزایان و پسپۆڕانی بوارەكەش بەهەند وەردەگیرێت و هەوڵ دەدەین بڕیارەکانی کۆنفرانس وەکو ستراتیژێکی تازە بۆ بووژانەوەی ئەم سێکتەرە بگرینە بەر.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیشی لەسەر ڕەخساندنی هەلیكاری خۆماڵی كردەوە و هاوكات داوای لە كەرتی تایبەتیش كرد كە سەرمایەكانیان لە بووژانەوەی سێكتەری گەشتوگوزاردا بەگەڕبخەن، لەمبارەیەوە گوتی: وەکو سیاسەتی گشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هاندانی کەرتی تایبەت بۆ بەشداریکردن و بەگەڕخستنی سەرمایەیان لە کوردستان، داوا لە کەرتی تایبەت وەبەرهێنەران دەکەین بە توانا و داهێنان و بەشدارییان لەو سێکتەرەدا هاوشانی حکومەتی هەرێم ڕۆڵی خۆیان ببین و دامودەزگاکانی حکوومەتیش هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین. هەروەها گوتیشی: دەرفەتە کەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران سوود لە ماستەرپلانی گەشتوگوزار و بڕیارەکانی ئەم کۆنفرانسە وەربگرن و ڕوو لە وەبەرهێنان بکەن لەم سێکتەرەدا. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتیشی: جەخت لە گرنگیی و پێویستی ڕەخساندنی هەلیکار بۆ هێزی کاری خۆماڵی دەکەمەوە بۆ ئەوەی ئەم کۆنفرانسە ببێتە پاڵپشتییەکی دیکەی کارەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی ڕێوشوێنەکانی بەگەڕخستنی دەستی کاری خۆماڵی لە کەرتی تایبەتدا بچەسپێت و پەرەی پێبدرێت.