بە زیاتر لە یەك ملیار دینار ژمارەیەك پڕۆژە لە كۆڕێ و بەستۆڕە و پیرمام جێبەجێ دەكرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زیاتر لە ملیارێك دینار ژمارەیەك پڕۆژەی قیڕتاوكردن لە شارۆچكەكانی بەستۆڕە و كۆڕێ و پیرمام جێبەجێ دەكرێن كە ئەم پڕۆژانە ئاستی خزمەتگوزاری لە سنوورەكان بەرزتر دەكاتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ڕایگەیاند: پرۆژەكان چەند ڕۆژێكە دەست بە جێبەجێكردنیان كراوە، پێكهاتوون لە قیڕتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكان لە كۆڕێ و بەستۆڕە و پیرمام/سەڵاحەددین، لەسەر تەمویلی تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێن.
جێبەجێكردنی پڕۆژەكان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێرەوە سەرپەرشتی دەكرێن و ماوەی 200 ڕۆژیش بۆ تەواوكردنیان دیاریكراوە، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر ئاماژە بەوەش دەكات ئەو پڕۆژانە دەبنە هۆی بەرزتركردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەو سنوورانە و لە داهاتوودا پڕۆژەی دیكەشمان دەبێت.