Skip to the content

بە سەدان هەزار كەس لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ سوودمەند دەبن

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە 12/4/2022 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە خەرجكردنی بڕی 70 ملیۆن و 45 هەزار دۆلار بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی ئاوی چەمچەماڵ-گۆپتەپە، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ بە سەدان هەزار هاووڵاتی لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ سوودمەند دەبن و كێشەی كەمئاوی لە سنوورەكە بە تەواوی چارەسەر دەكات.

ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی ژمارەی ئەو كەسانەی لە پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ-گۆپتەپە، سوودمەند دەبن، ڕایگەیاند: بە سەدان هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن و كێشەی كەمئاوی لە سنوورەكە بە تەواوی چارەسەر دەبێت و بەهۆیەوە دەتواندرێت ڕۆژانە ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین بكرێت و گرفتی كەمئاوی نامێنێت، دەشڵێ ئەم پڕۆژەیە دەبوو لە ساڵی 2013 تەواو بكرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی تەواو نەكرا، ئێستا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی بۆ تەرخان كردووە و كار لە تەواوكردنی دەكرێت.