Skip to the content

تیمەكانی شارەوانی لە شاری هەولێر مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكان پاك دەكەنەوە بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری لافاو لەنێو شارەكەدا بەهۆی ئەوەی ئەمشەو بارانێكی بەخوڕ شاری هەولێری گرتەوە، ئیستا تیمەكانی شارەوانیی هەولێر لە تەواوی شارەكەدا لە ئامادەباشیدان و مەنهۆڵ و ئاوەڕۆكان پاك دەكەنەوە و هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن بۆ هەر ئەگەرێكی نەخوازراو.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، ئێستا تیمەكانی شارەوانیی هەولێر لە هەموو ئەو شوێنانەی مەترسیی ڕوودانی كۆبوونەوەی ئاویان لێ دەكرێت ئامادەن و هاوكاری هاووڵاتییان دەكەن.
سەرۆكی شارەوانیی هەولێر داواش لە هاووڵاتییان دەكات لە هەر ڕووداوێكی كۆبوونەوەی ئاودا تیمەكانی شارەوانی ئاگادار بكەنەوە و بەزووترین كات هاوكاریان پێشكەش دەكرێت، هەروەها دەشڵێ ئێستا تیمەكان بە هەموو شێوەیەك چاودێریی دۆخەكە دەكەن و لە ئامادەباشی تەواودان بۆ كۆنترۆڵكردنی هەر ئەگەرێكی كۆبوونەوەی ئاوی باراناو لە گەڕەك و شەقامەكاندا.