ساسان عەونی: كرێی ئاوی ئەو ماڵانەی پێوەریان نەبەستووە بە ڕێژەی ٧٥% و ٩٠% كەمكرایەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چارەسەركردنی گرفتی ئەو هاوبەشانەی كە پێوەری ئاویان نەبەستاوە ڕاگەیاند و گوتی بۆ ئەو هاوبەشانەی لە دەرەوەی شارەكانن و پێوەریان نەبەستاوە، نرخی كرێی ئاو لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار بە ڕێژەی 90% داشكاندنیان بۆ دەكەین و ئەوانەی ناو شارەكانیش لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار كەم دەكرێتەوە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین بە خێرایی بچن پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی لەم بڕیارەی كابینەی نۆیەمی حكومەت سوودمەند بن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25/4/2022 لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار چارەسەكردنی گرفتی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان و شوێنە بارزگانییەكانی ڕاگەیاند و گوتی: زیاتر لە 300 هەزار هاوبەشی ئاو تاوەكو ئێستا پێوەریان نەبەستاوە بۆیە كرێی ئاویان بە 80 هەزار دینار بۆ هەر مانگێك بۆ هەژمار دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن دامودەزگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە لە ماوەكانی ڕابردوودا داخوازیی هاووڵاتییانمان پێگەیشت بۆ كەمكردنەوەی ئەو 80 هەزار دینارەی كرێی ئاو، ئێمەش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و لیژنە تایبەتەكانمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ دیراسەی ئەو داواكاریانەمان كرد و دواتر بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانمان بەرز كردەوە و پێشنیازەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ كەمكردنەوەی كرێی ئاو بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە لەلایەن سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند كران.
سەبارەت بە ڕێژەی داشكاندنەكانیش ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی كرێی ئاوی ماڵان بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە گوتی لە 80 هەزارەوە لەناو سەنتەری شارەكان بۆ 20 هەزار دینار واتە بە ڕێژەی 75% كەمكراوەتەوە. هەروەها بۆ ئەوانەیشی لە دەرەوەی شارەكان و كۆمەڵگە و قەزا و ناحیەكانن لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار واتە بە ڕێژەی 90% كەمكراوەتەوە. سەبارەت بە شوێنە بازرگانییەكانیش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: بۆ شوێنە بازرگانییەكان و كاسبكاران و پیشەوەران، كەمكردنەوەی كرێی ئاو لە 200 هەزار دینارەوە بە ڕێژەی 40% كەمكراوەتەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لەو هاوبەشانەی ئاو دەكات كە تاوەكو ئێستا پێوەریان نەبەستاوە بچن مامەڵەی بەستنی پێوەرەكانیان بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكەی حكومەت سوودمەند بن، لەمبارەیەوە گوتی: ئێستا دەرفەتێكی لەبارە بۆیە ڕوو لە هاووڵاتییان دەكەین كە ئەوانەی پێوەریان نەبەستاوە، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە و بچن ئەو كرێی ئاوە بدەن و پێوەرەكانیان ببەستن بۆ ئەوەی سوودەمەند بن كە تاوەكو ئێستا بە ڕێژەی 25% پێوەر نەبەستراوە. لەبارەی گرنگیی بڕیارەكەش گوتی: ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیەكە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە داواكارییەكانی هاووڵاتییان بەهەند وەردەگرێت و لە خزمەتیاندا دەبێت.
هەروەها گوتیشی: فەرمانگەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە ڕێگەی ئەو پڕۆژانەی هەیانە كە زیاتر لە 81 پڕۆژەن و زیاتر لە 5 هەزار بیری ئاویش هەیە، ڕۆژانە بڕی ئاوی خواردنەوە بە بڕی دوو ملیۆن و زیاتر لە 684 مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت، تێچووی بەرهەمهێنانی هەر مەتر سێجایەك ئاویش لەسەر حكومەت 335 دینار دەكەوێت.
گوتیشی: بەرهەمهێنانی ئاو یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كاری جددی بۆ كردووە و هەر شار و شارۆچكەیەكیش پێویستی بە پڕۆژەی ئاو هەبووبێت، حكومەت بڕیاری باشی بۆ دەدات و كاری لەسەر كردووە، دوا بڕیاریش پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ بوو كە لە ماوەی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. چونكە هاووڵاتییان چەقی بایەخپێدانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، لە هەر كوێ داخوازییەكیان هەبووبێت بەهەند وەردەگیرێت و ئەم بڕیارەی ئێستاش دەچێتە خانەی بایەخپێدانەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەت بە هاووڵاتییان.