Skip to the content

ساڵانە زیاتر له‌ 2 ملیار و 684 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی 14 بەڕێوەبەرایەتی و 118 فەرمانگەی ئاو لە شار و شارۆچكەكان، ساڵانە 2 ملیار و 684 ملیۆن و 605 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابین دەكات. هەروەها ساڵی ڕابردوو 128 ملیار و 699 ملیۆن و 419 هەزار و 432 دیناریش خەرجیی دەستەبەركردنی ئاوی خواردنەوە بووە، بەڵام داهاتی ئاو تەنیا 42 ملیار و 102 ملیۆن و 327 هەزار و 626 دینار بووە. 

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕێگەی 81 پرۆژەی ستراتیژی و 5 هەزار و 787 بیر، 2 ملیار و 684 ملیۆن و 605 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە لە ڕێگەی 14 بەڕێوەبەرایەتی و 118 فەرمانگە بۆ تێكڕای هاوبەشانی ئاو لە هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە ژمارەیان 1 ملیۆن و 14 هەزار و 706ن،  704 هەزار و 259 هاوبەش پێوەری ئاویان هەیە و 310 هەزار و 447 هاوبەشیش پێوەری ئاویان نییە.

بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە ماوەی تەنیا مانگەكانی كانوونی دووەم و شوباتی ئەمساڵ 2022، داهاتی ئاو لە هەرێمی كوردستان 9 ملیار و 770 ملیۆن و 591 هەزار و 775 دینار بووە، ساڵی 2021 یش 42 ملیار و 102 ملیۆن و 327 هەزار و 626 دینار داهات بووە، بەڵام 128 ملیار و 699 ملیۆن و 419 هەزار و 432 دینار خەرجیی دەستەبەركردنی ئاوی خواردنەوە بووە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە تەواوی شار و شارۆچكە و گوند و ناوچەكان.