شارەوانیی بنەسڵاوە مەنهۆڵەكانی ئاڵتوون ستی خاوێن دەكەنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەهۆی ئەو بارانە بەخوڕەی چەند ڕۆژێكە ناوە ناوە دەبارێت، لە هەندێك شوێنی شاری هەولێر و دەوروبەری بەهۆی دەستكاریكردنی كەند و ڕێڕەوە سرووشتییەكانی ئاو، دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە و تیمەكانی شارەوانیش بە بەردەوامی پرۆسەی خاوێنكردنەوەیان بەڕێوەبردووە و ڕێگریان لە دروستبوونی لافاو كردووە.
لەم چوارچێوەیەدا تیمەكانی شارەوانیی سەرۆكایەتیی بنەسڵاوە لە ئاڵتوون ستی پرۆسەیەكی چڕی خاوێنكردنەوەی مەنهۆڵەكانیان بەڕێوەبرد وەك ئامادەسازی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێكی كۆبوونەوەی ئاوی زیادە.
وەك لە وێنەكاندا دیارە هاووڵاتییان ڕەچاوی پاكوخاوێنیی ناكەن و كەلوپەل و خۆڵ و خاشاكی قورس و ڕەق دەخەنە ناو مەنهۆڵەكانەوە و بەهۆیەوە گرفت بۆ ڕێڕەوی ئاو دروست دەبێت، تیمەكانی شارەوانی داوا لە هاووڵاتییان دەكەن لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و بەرژەوەندی گشتیی، مەنهۆڵەكان بە خۆڵ و خاشاكی قورس و كەلوپەل پڕ نەكەنەوە.