Skip to the content

قەرزی یەكساڵی ئاو لە كاتی بەستنی پێوەردا لە 960 هەزارەوە دەبێتە تەنیا 120 هەزار دینار

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان و چارەسەركردنی گرفتی پێوەر بڕیارێكی دڵخۆشكەرانەی بۆ هاووڵاتییان دا كە بەهۆیەوە قەرزی ئەو هاوبەشانەی ئاو كە پێوەریان نەبەستاوە بە ڕێژەیەكی زۆر كەم دەكرێتەوە.
وەك نموونە، ئەگەر هاوبەشێكی ئاو بەهۆی نەبەستنی پێوەرەوە لە ماوەی ساڵێكدا لە دەرەوەی شارەكان واتە نیشتەجێی قەزا و ناحیەكان، 960 هەزار دینار قەرزاری حكومەت بێت، لە كاتی بەستنی پێوەردا  تەنیا 120 هەزار دینار دەداتە حكومەت.
سەبارەت بە سنووری سەنتەری شارەكانیش بە هەمان شێوە ئەگەر هاوبەشێكی ئاو لە ماوەی ساڵێكدا 960 هەزار دینار قەرزار بێت، لە كاتی بەستنی پێوەردا قەرزەكەی بە لێخۆشبوونەوە دەبێتە 240 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر هاوبەشان پێوەر نەبەستن، قەرزەكانیان لەسەر كەم ناكرێتەوە.
 ئەم بڕیارەی حكومەت ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی هاوبەشانی ئاو دراوە، بۆیە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لەو هاوبەشانەی ئاو دەكات كە تاوەكو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، پێوەر ببەستن و لە بڕیارەكە سوودمەند بن.