Skip to the content

كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستاوە لە شوێنە بارزگانی و پیشەوەرییەكان بە ڕێژەی 40% كەمكرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-دوای ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی كە تاوەكوو ئێستا لە شوێنە بارزگانی و پیشەوەرییەكان پێوەریان نەبەستووە بە ڕێژەی 40% دادەشكێنێت، بەو مەرجەی پێوەر ببەستن.
رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە كرێی ئاو لە شوێنە بارزگانی و پیشەوەرییەكان كە پێوەریان نەبەستووە، ڕایگەیاند: بۆ شوێنە بازرگانییەكان و كاسبكاران و پیشەوەران، كە تاوەكوو ئێستا پێوەریان نەبەستووە، كرێی ئاو لەو شوێنانە لە 200 هەزار دینارەوە بە ڕێژەی 40% كەم دەكرێتەوە، بەو مەرجەی هاوبەشانی ئاو پێوەر ببەستن.
 لەبارەی كرێی ئاوی ماڵانیش كە پێوەریان نەبەستووە، رایگەیاند: كرێی ئاوی ماڵان بۆ ئەوانەی پێوەریان نەبەستووە لەناو سەنتەری شارەكان لە 80 هەزارەوە بۆ 20 هەزار دینار واتە بە ڕێژەی 75% كەم دەكرێتەوە. بۆ ئەو هاوبەشانەش لە دەرەوەی شار و كۆمەڵگە و قەزا و ناحیەكانن، لە 80 هەزارەوە بۆ 10 هەزار دینار بە ڕێژەی 90% كەم دەكرێتەوە.