له شاری ههولێر بە زیاتر لە حەوت ملیار دینار ئامادەسازی بۆ چارەسەری گرفتی كەمئاوی دەكرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ ساڵی 2022 ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی (7,654,590,686) حەوت ملیار و شەشسەد و پەنجا و چوار ملیۆن و پێنجسەد و نەوەد هەزار و شەشسەد و هەشتاو و شەش دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ژمارەیەك بیری ئاوی خواردنەوە.
خەرجكردنی ئەو گوژمەیە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ لێدان و هەڵكەندنی 138 بیری ئاوی خواردنەوەی بەدیل و نوێ لە هەولێر و دەوروبەری، ئەم بیرە نوێیانە گرفتی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لەو سنوورانە چارەسەر دەكەن.
ئەندازیار ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە وادەی لێدان و هەڵكەندنی ئەو بیرانە گوتی: ڕێكارەكانی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە ئامادەكراوە و دەدرێتە تەندەرین و دەست بە جێبەجێكردنیان دەكرێت.