لە 17ی ئەم مانگەدا بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی قەرزی ئاو كۆتایی دێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- تاوەكو ئێستا بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو كاری پێدەكرێت و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕایدەگەیەنێت بڕیارەكە تاوەكو 17/4/2022 بەردەوام دەبێت و دواتر درێژ ناكرێتەوە، پێویستە هاووڵاتییان لە ماوەی دیاریكراودا سەردانی فەرمانگەكانی ئاو بكەن.
پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا كە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو، لەسەر پێشنیازی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەنجوومەنی وەزیران بە ڕەچاوكردنی دۆخی دارایی هاووڵاتییان، بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو، ئەم بڕیارەش لەلایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا و خەڵكێكی زۆر لە سەرتاسەری كوردستان لێی سوودمەندبوون.
ئێستا وادەی كۆتاییهاتنی بڕیارەكە نزیكبووەتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆش لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ بڕیاری لێخۆشبوونی ڕێژەی 15%ی قەرزی كرێی ئاو تاوەكو ڕۆژی 17/4/2022 كاری پێدەكرێت و دواتر درێژ ناكرێتەوە، بۆیە داوا لە سەرجەم ئەو هاوبەشانەی ئاو دەكەین كە قەرزی حكوومەتیان لایە، بە مەبەستی سوودمەندبوون لە بڕیارەكە لە نزیكترین كاتدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی ئاو و بنكەكانی كۆكردنەوەی داهاتی ئاو بكەن و سوودمەند بن لە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی كرێی ئاو، چونكە دوای ئەو وادەیە بڕیارەكە درێژ ناكرێتەوە.