Skip to the content

لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو بەردەوامە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان تاوەكو 9ی حوزەیرانی 2022 بەردەوامە و ئێستاش بنكەكانی كۆكردنەوەی داهات و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە پێشوازی هاووڵاتییاندان.

پێشتر لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی هاووڵاتیان و لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیدا، بڕیاری لێخۆشبوونی 15%ی قەرزی ئاو درا و لەگەڵ كاركردن بە بڕیارەكە هاووڵاتییان بەشێوەیەكی بەرچاو پێشوازیان لێی كرد و بە بڕیارێكی باشی دەزانن.

ئێستاش لەبەر بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی كوردستان بڕیارەكە تاوەکو 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی و فەرمانگەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش ئاگادار كراونەتەوە  كە كار بە بڕیارەكە بكەن تاوەكو ئەو ماوەی دیاریكراوە و پێویستە هاووڵاتییانیش بەزوویی سەردانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان بكەن بۆ سوودمەندبوون لێی.