Skip to the content

هەڵمەتی خاوێنكردنەوە لە سنووری پێنج شارەوانی لە دەوروبەری سلێمانی بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كۆكردنەوە و گواستنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك یەكێكە لە سێکتەرە گرنگەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بۆ ئەو مەبەستەش حكومەت ساڵانە گوژمەیەكی زۆر خەرج دەكات، تاوەکو ژینگەی شار و شارۆچكەكان بە خاوێنی بمێننەوە.
لەم چوارچێوەیەدا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڵمەتێكی فراوان لە سنووری شارەوانییەكانی ئاغجەلەر، ئەڵڵایی، تەیناڵ، بەردەقارەمان، قادركەرەم و چەند شوێنێكی تر بەڕێوەچوو، کە توانرا خۆڵ و خاشاكێكی زۆر کۆبکرێتەوە و چارەسەر بکرێت.
ئەو هەڵمەتە فراوانە لەلایەن كارمەندانی بەشی ئامێرەكان و بەشی ژینگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بەڕێوەچوو كە تێیدا بە سەدان كرێكار و ئامێری تایبەت بە خۆڵ و خاشاك کاریان تێدا کرد.
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە چەند مانگی سەرەتای ئەمساڵ دا نزیكەی ٢٦ ملیار دیناری بۆ بابەتی خۆڵ و خاشاكی سلێمانی خەرج كردووە.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار