Skip to the content

هەڵمەتی چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكانی سلێمانی بەردەوامە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەسەر داهاتی شارەوانی چەندین گوژمەی جیاجیای بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری سلێمانی خەرج كرد، چەند ڕۆژێكە پرۆسەی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی ئەو شارە لەلایەن تیمەكانی شارەوانییەوە دەستیپێكردووە و ئێستاش بەردەوامە.

تیمەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ماوەی هەفتەیەكە هەڵمەتێكی چڕیان بۆ نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی شارەكە دەستپێكردووە، ئێستاش ئەو پرۆسەیە لەسەر شەقامی سلێمانی-تاسڵوجە بەردەوامە و كار بۆ چاككردنی چاڵ و شكستەكانی شەقامەكە دەكەن، جگە لەو شەقامە، تیمەكانی شارەوانی پرۆسەی نۆژەنكردنەوە لە شوێنەكانی دیكەش بەڕێوە دەبەن بۆ ئەوەی شەقامەكان لە تێكچوون بپارێزن.