Skip to the content

هەڵمەتی ڕازاندنەوەی شاری هەولێر دەستیپێكرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-بە مەبەستی جوانتركردنی سیمای شاری هەولێر و گرنگیدان بە بابەتی سەوزایی، هەڵمەتێكی گەورەی چاندنی گوڵی قەدیفە دەستیپێكرد و لە هەر وەرزێكدا زیاتر لە 20 هەزار گوڵی تر دەچێندرێن.
پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كڕینی گوڵ و دار، پارەیەكی زۆری خەرج دەكرد، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا نەمامگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چاكسازیان تێدا كرا و ئێستا لە شاری هەولێر گوڵ و دار بەرهەم دەهێنن كە بەهۆیەوە پارەیەكی زۆر بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕێندراوەتەوە.
ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پاركەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر دەڵێ: ساڵانە زیاتر لە 250 هەزار گوڵی جۆراوجۆر بۆ هەموو وەرزەكان بە مەبەستی ڕازاندنەوەی شاری هەولێر بەرهەم دەهێنین و ئێستاش بۆ ئەم وەرزە بە مەبەستی ڕازاندنەوەی شاری هەولێر نزیكەی 20 هەزار گوڵ دەچێنین، لە وەرزەكانی تریشدا بە هەمان شێوە هەزاران گوڵی تری جۆراوجۆر دەچێنین و ئامانجمان ڕازاندنەوەی شاری هەلێرە بە گوڵ.
هەڵمەتەكە لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لە دوورگەی ناوەندی شەقامی ٦٠مەتری دەستیپێكردووە كە تێیدا نزیكەی 20 هەزار گوڵی قەدیفە بۆ ئەم وەرزە دەچێندرێن، ئەم گوڵانە لە نەمامگەی نموونەیی لەسەر دەستی کارمەندانی خۆماڵی بەرهەم هێندراون و هەڵمەتەكەش بەردەوام دەبێت.