هەڵمەتێكی فراوانی شۆردن و خاوێنكردنەوەی پارك و شوێنە گشتییەكانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی پێشوازی و ئامادەسازیی بۆ جەژن و بایەخدانی زیاتر بە خاوێنی و ژینگە و سیمای جوانی شاری هەولێر، وێڕای پشووی فەرمی دامودەزگەكانی حكومەت، ئەمڕۆ شەممە لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێكی فراوانی شۆردنی شوێنە گشتییەكان و خاوێنكردنەوەی پارك و باخچەكانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە درێژەی هەڵمەتەكەدا پارکی شار و نێو بازاڕی شاری هەولێر خاوێن كرایەوە و پاشان كاری شۆردنی بۆ ئەنجام درا، هاوكات هەڵمەتێكی تر لە پاركی كانیاو بەڕێوەچوو، لە میانەیدا كاری بژاركردن و ڕێکخستنەوە و خاوێنکردنەوەی ناو پارکەكە و لێدانی مەکینەی بڕینەوەی فریز و فڕێدانی زبڵ و پاشماوەی کارکردن تێیدا بەڕێوەچوو.
لەلایەكی ترەوە لە درێژەی كارەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر، لەپێناو زیاتر بایەخدان بە جوانترکردنی سیمای هەولێری پایتەخت، ڕووبەڕە سەوزاییەكان لە نزیك دادگەی هەولێر و دەوروبەری لە هەڵمەتێکی گەورەدا خاوێن كرایەوە و خۆڵ و خاشاكێكی زۆر كۆكرایەوە و چارەسەر كرا، وێڕای ئەمە لە چەند شوێنێكی تردا پارك و باخچە و دوورگە ناوەندییەكانی هەولێر خاوێن كرانەوە و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت.