وەرشەی ناوەندی هەولێر.. شوێنی بووژانەوەی دڵی ئامێرە قورسەكان
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەرشەی ناوەندی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، كۆنتاكتی لەگەڵ سەرجەم شار و شارۆچكە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە و تێیدا ئامێرە شكاو و لەكاركەتووەكانی پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە چاك دەكرێتەوە.
كاتێك دەگەیتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی وەرشەی ناوەندی هەولێر، تابلۆیەكی بچووك سەرنجت ڕادەكێشێت، بەڵام كە تابلۆكە بە ئاڕاستەی ناوەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكە جێدەهێڵیت و پێدەنێیتە ژوور و هۆڵە گەورەكان، ئیدی چاوت بە دونیایەكی جیاوازتر دەكەوێت! لە هەموو لایەكەوە دەنگی ئامێر و چەكووش دەبیستیت و جوڵەی كارمەندەكان دەبینیت. چەندان هۆڵی گەورە و هەزاران ئامێری شكاو و ماتۆڕی لەكاركەوتوو و غەتاس و خەنزیرە و مۆلیدەی كارەبایی و قوفڵی ئاو و شەفت و پەمپ و سەدان جۆری دیكە لە كەلوپەلی قورس و بچووك، پێناسەی شوێنەكەت بۆ دەكەن، دەكرێت ناوی بنێین شوێنی بووژانەوەی دڵی ئامێرەكان.
لەوێ چی دەگوزەرێت؟
بەڕێوەبەرایەتیی وەرشەی ناوەندی هەولێر سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، ئەگەرچی شوێنی بەڕێوەبەرایەتییەكە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، بەڵام ڕاستەوخۆ كۆنتاكتی لەگەڵ سەرجەم شار و شارۆچكە و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، ئەو دەزگا گرنگە بەوەی خزمەتی فەرمانگەكان دەكات، بە بووژانەوەی دڵی ئامێر و ماتۆڕە كارەباییەكانی بیری ئیرتیوازی و چاككردنەوەی پەمپ و شەفت و قوفڵی گەورەی ئاو و مۆلیدە و غەتاس و بووش و چەگ وەلف و دەیان جۆری دیكەی ئامێرەكان كە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەیە بۆ هاووڵاتییان، هەر كە سەردانی ئەو شوێنە دەكەیت، ئەوكات باشتر دەزانی لەوێ چی دەگوزەرێت.
چەند بەشی هەیە
وەرشەكە لە ساڵی 2004 لەلایەن كۆمپانیایەك بەشێوەی گرێبەست لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، جگە لە بەشەكانی كارگێڕی و ژمێریاری، ئای تی، كۆگا و هونەری، هاوكات بەشەكانی لەف، چاككردنەوەی پەمپ، لەحیمكردن، چاككردنەوەی ئامێرەكان، داڕشتنی قاڵب و كارەباشی هەیە، تەواوی بەشەكانی ئەو دەزگایە لەلایەن ژمارەیەك فەرمانبەرەوە بەڕێوە دەبرێن و كار بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو دەكەن.
سەرجەم ناوچەكان ڕووی تێدەكەن
ئەگەرچی لەسەر تابلۆكەیان نووسراوە هەولێر ، بەڵام ئەوان دەڵێن ئێمە كار بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان دەكەین لە هەموو شار و شارۆچكە و گوندەكان، وەك پڕۆژەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر و ئاوی دەوروبەری هەولێر، ئاوی سۆران، ئاوی كۆیە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی دهۆك، ئاوی دەوروبەری دهۆك، شێخان، سمێل، ئامێدی، ئاكرێ، كەلەك و هەروەها بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی و كەلار و زۆرجاریش لە سنوورەكانی ماددەی سەدوچلیشەوە ئامێری لەكاركەوتوو بەكار دەخەنەوە.
چ ئامێرێك چاك دەكەنەوە
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە هەولێرەوە كار بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان دەكات بە لەفكردنی ماتۆڕی كارەبایی، چاككردنەوەی پەمپ (بوستر)، چاككردنەوەی چەگ وەلف بە هەموو قەبارە و جۆرەكانی بە دووبارە بەكارهێنانەوەی ئامێرە شكاوە قورسەكان، هەروەها چاككردنەوەی قاعیدەی سێت پەمپ و ماتۆڕ و چاككردنەوەی مۆلیدەی كارەبایی وەك مەكینە و تەولید و بۆرد كۆنتڕۆڵ، چاككردنەوەی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكانی وەرشەكە، چاككردنەوەی ئامێری ئاوەڕۆ كە گرنگییەكی زۆریان هەیە لە بواری خزمەتگوزارییە گشتییەكان، هەروەها چاككردنەوەی ماتۆڕ و موزەخەی كلۆر و خەنزیرەی ئاوی قورس و گێڕبۆكس و دروستكردنی دیشلی جۆراوجۆر كە هەر یەك لەمانە گرنگیی تایبەتییان هەیە لە سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە تایبەتی پڕۆژەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە.