Skip to the content

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئاژانسی جایكای یابانی پڕۆژە هاوبەشەكانیان فراوانتر دەكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی ناساندنی بەڕێوەبەری نوێی  ئۆفیسی ئاژانسی جایکا لە عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە شاندێكی باڵای ئاژانسەكە سەردانی دیوانی وەزارەتیان كرد و لەلایەن ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە پێشوازییان لێ كرا.
لە دانیشتنەكەدا "کێی تۆیاما"، بەڕێوەبەری پێشووی ئۆفیسی جایکا لە عێراق و "گێن یۆنێدا" بەڕێوەبەری نوێی ئاژانسەكە ئامادە بوون و دووپاتی هەماهەنگیی پتەوی نێوان وەزارەت و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی كرایەوە.
ساسان عەونی، سوپاسی تیمی ڕابردووی ئاژانسی جایكای كرد كە كاری گەورەیان بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان پێشكەش كردووە و هیوای خواست لە داهاتوودا هەماهەنگییەكان بەردەوام بن و بواری زیاتریش بگرنەوە و بەناوی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەڵێنی هەموو هاوكاری و كارئاسانییەكی پێ دان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر كۆمەڵێك تەوەر كرا كە كاری هاوبەشی هەردوولان و پێشنیازی كاری نوێش خرانە ڕوو.
لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی هەماهەنگیی نێودەوڵەتیی ژاپۆنی (جایكا) لێكتێگەیشتنی پڕۆژەی هەمواركردنەوەی ماستەرپلانی شاری هەولێریان بەشێوەی مینحە واژوو كرد كە پایتەختی هەرێمی كوردستان دەخاتە قۆناغێكی نوێی گەشەسەندنەوە. جگە لەم پڕۆژەیە، لە چەندان پڕۆژەی دیكەی بوارەكانی ئاو و ئاوەڕۆ لە چەند شارێكی كوردستاندا، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ ئاژانسی جایكای ژاپۆنی هەماهەنگییان هەیە.