وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نزیكەی یەك ملیار دینار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سلێمانی خەرج دەكات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-بە گوێرەی چەند فەرمانێكی وەزاری، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە خەرجكردنی گوژمەی نزیكەی یەك ملیار دینار بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی.
كۆی گوژمەكە لەسەر داهاتەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو، بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزارە لە سنووری شاری سلێمانی كە بەشێكی بۆ دابینكردنی قیڕی شل و گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ شەقام و كۆڵانەكانی شارەكەیە.
هەروەها بەشێكی دیكەی گوژمەكە بۆ ئامادەكردنی ڕێبەری گەشتیاری و جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕاكێشانی بۆڕی ئاو و بەهێزكردنی تۆڕی ئاو بۆ چەند شوێنێكی شاری سلێمانی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە ڕەزامەندی خەرجكردنی درا.