Skip to the content

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداریی گفتوگۆی هەر حەوت لیژنەكانی كۆنفرانسی گەشتوگوزار دەكات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە 4/4/2022 لە كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ تاوەكوو 6ی ئێوارە، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، كۆنفرانسی پەرەپێدانی گەشتوگوزار بەڕێوەچوو، تەوەرەكانی كۆنفرانسەكەش بەسەر حەوت لیژنەی تایبەتمەند دابەش كران و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش ڕاستەوخۆ بەشداریی لە گفتوگۆ و تاوتوێكردنی بابەتەكانی سەرجەم لیژنەكان كرد.
تەوەرەكانی كۆنفرانسەكە حەوت تەوەر بوون، لەوانە: یاسا و ڕێنماییەكان، ڕێكخستن و پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان، بەهێزكردنی بەبازاڕكردن و ڕاگەیاندنی گەشتیاری، پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان، ڕێنمایی و پۆلێنی بنكە گەشتیارییەكان، پەرەپێدانی كۆنترۆڵی جۆری و گفتوگۆكردنی چەند بابەتێكی دیكەی تایبەت بە پەرەپێدانی سێكتەری گەشتوگوزار.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەمیانەی بەشداریكردنی لە گفتوگۆ و گۆڕینەوەی ڕاوسەرنجەكانی سەرجەم لیژنەكانی كۆنفرانس، جەختی كردەوە دەبێت ڕێنمایی و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس لە بەرژەوەندیی پێشخستنی سێكتەری گەشتوگوزاردا بن، هاوكات ئامادەیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشی بۆ پاڵپشتیكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆنفرانس دەربڕی لەپێناو بووژانەوەی ئەو كەرتە گرنگەدا، پاشان سەرجەم لیژنەكان كە لە كەسانی شارەزا و پسپۆڕی بوارەكە پێكهاتبوون، كۆمەڵێك خاڵ و ڕاسپاردەیان ئامادە كرد و خوێندرانەوە، بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایشیان لەبارەوە بدرێت و ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەكرێت.
ئامانجی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەو كۆنفرانسەدا پەرەپێدانی زیاتری سێكتەری گەشتوگوزار بە تایبەتی كە بەهۆی پەتای كۆرۆنا گەشتوگوزار زیانێكی زۆری بەركەوت، ئێستا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەیەوێت بە ستراتیژیەتێكی نوێ ئەو سێكتەرە ببووژێنێتەوە.