پردی ڕێگەی سەرەكیی هەولێر-كەركووك بە زیاتر لە 333 ملیۆن دینار نۆژەن دەكرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی لەلایەن تیمی ئەندازیاریی شارەوانیی هەولێرەوە تێبینی كرا كە ژێر پردی ڕێگەی سەرەكیی هەولێر-كەركووك دووچاری مەترسیی داڕمان بووەتەوە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنی پەیوەندار دەستیان بە كاری نۆژەنكردنەوەی ژێر پردەكە كرد و ئێستا كاركردن تێدا دەستیپێكردووە.
پڕۆژەكە بە گوژمەی (333٫136000) لەسەر بودجەی وەزارەتی ناوخۆ و لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە سەرپەرشتیی كاری نۆژەنكردنەوەی دەكرێت، پردەكە ڕۆژانە هاتوچۆی هەزاران ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر و هاتوچۆی هاووڵاتییانی شاری هەولێر و دەوروبەری، هەروەها شاری كەركووك و بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراقی بەسەرەوەیە.
ئێستا بە سەدان ئامێر و كرێكار و تیمی شارەوانی كار لە پرۆژەكەدا دەكەن و چاوەڕێش دەكرێت لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژدا تەواوی كارەكانی كۆتایی بێت كە بەهۆیەوە مەترسیی داڕمانی پردەكە نامێنێت.