پرۆسەی خاوێنكردنەوەی هەولێری نوێ و ژێر پردی 150 مەتری و چەند شوێنێكی دیكەی هەولێر بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە درێژەی كارەكانی خاوێنكردنەوەی شوێنە زیانلێكەوتووەكانی ئەو بارانە بەخوڕەی هەولێر و دەوروبەری گرتەوە، پرۆسەیەكی فراوانی خاوێنكردنەوە لە ڕێگەی سەدان ئامێر و كرێكاری شارەوانی و ژینگەپارێزەوە بەڕێوەچوو.
پرۆسەكە بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر لە شەقامەکانی گەڕەکی هەولێری نوێ و ژێر پردی ۱٥۰مەتری لە شەقامی پیرمام بەڕێوەچوو.
لە سەرەتادا خاوێنکردنەوە و هەڵگرتنی قوڕ و لیتەی ناو ماڵەکان ئەنجام درا و پاشان قوڕ و لیتە و خۆڵ و خاشاکی سەر شەقامەکان هەڵگیران و پاشان دەستکرا بە شوشتنی شەقامەکان، تیمەكانی شارەوانی ئاماژە بەوە دەكەن ئەوان بە بەردەوام لە خزمەت هاووڵاتییاندا كار دەكەن.